ئوسترالیا پلانی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خۆراک ئاشکرا دەکات

ئوسترالیا بۆ داهاتوو هەنگاوی نوێ و کاریگەر بۆ گەشەدان بە سیستمی کشتوکاڵی و خۆراکی وڵاتەکەی دەگرێتەبەر، لە کاتێکدا ئوسترالیا دابینکەری خۆراکە بۆ زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کەس لە جیهان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی نیشتمانیی زانستی ئوسترالیا ڕۆژی سێشەممە پەردەی لەسەر نەخشەیەکی نوێی لادا بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراکی وڵاتەکەی، ڕێکخراوی توێژینەوەی زانستی و پیشەسازیی کۆمۆنوێڵس ڕایگەیاندووە، کەرتی کشتوکاڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دابینکردنی خۆراک هەیە.

 

بەپێی زانیارییەکانی حکومەت زیاتر لە ٪٧٠ی بەرهەمی کشتوکاڵی ئوسترالیا هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کەس بە مەزەندەکردن لە سەرانسەری جیهان و لە ناوخۆدا، ئەمەش ئوسترالیا دەکاتە بەرهەمهێنەری سەرەکی خۆراکی جیهانی.

 

ڕێکخراوی توێژینەوەی زانستی و پیشەسازیی کۆمۆنوێڵس CSIRO هۆشداری دەدات لەوەی کە سیستەمی خۆراکی وڵاتەکە دەبێت بگۆڕێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت بەردەوام بێت.

 

دەزگای نیشتمانی زانستی ئوسترالیا چەندین مەترسی سەرەکی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک دەستنیشان کردووە، گۆڕانەکانی کەشوهەوا، ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ و نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی، هەروەها ئاستەنگی گرنگی دیکەی دەستنیشان کردووە، لەوانە زیادبوونی خواست هەروەها پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردن و هێزی کار.

 

مایکل ڕۆبەرتسۆن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و خۆراکی CSIRO بە کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیای ڕاگەیاندووە، تاقیکردنەوەی ڕێگەی نوێ لە کشتوکاڵدا پێویستە، لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی کۆسپ و ئاستەنگی زیاتر بۆ جووتیاران درووست دەکات و کاریگەری لەسەر پچڕانی دابینکردنی ئاو دەبێت.

 

دەستڕاگەیشتنێکی باشتر بە خۆراکی تەندروست و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە پێنج بوارە سەرەکییەکانن کە لە نەخشەی ڕێکخراوی توێژینەوەی زانستی و پیشەسازیی کۆمۆنوێڵس دەستنیشانکراون، مەزەندەی کردووە کە ساڵانە یەک لەسەر سێی بەرهەمی خۆراکی ئوسترالیا بەفیڕۆ دەچێت.

 

لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە سەرانسەری وڵاتدا ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا باخداری و بەرهەمهێنانی میوە، سەوزە و گوڵ، کە چاندنی گەنم و جۆ لەخۆدەگرێت، بە گشتی لە ناوچە کەنارییەکان جێگیرن.