عێراق یارمەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات بۆ زێدی خۆیان

حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی ئاوارەیی و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو کێشانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەدان هەزار ئاوارە عێراقی هەیە و لە ئێستادا ٢٦ کەمپی پەنابەران لە عێراق هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی ئاوارەیی و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو کێشانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەدان هەزار ئاوارە عێراقی هەیە بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، لە پارێزگاکانی وەک نەینەوا، کەرکوک، دیالە، سەڵاح الدین.

 

حکومەتی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا داخستنی دوایین کەمپی پەنابەرانی لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق ڕاگەیاند، لەگەڵ ڕاگەیاندنی حکومەتی عێراق، سەرجەم ئەو کەمپانە داخراون کە ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە جگە لەوانەی کە دەکەونە ناوچەکانی باشووری کوردستان.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکانی عێراق، لە باکووری عێراق ٢٦ کەمپی پەنابەران هەیە، وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکانی عێراق بەردەوامە لە پێدانی یارمەتییە داراییە یەک لە دوای یەکەکان بۆ ئەو خێزانە ئاوارانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هاوکاریی دارایی بۆ هەر خێزانێک ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقییە کە یەکسانە بە هەزار و ٥٠٠ دۆلار.

 

ئامانجی گرتنەبەری ئەو هەنگاوە هاندان و یارمەتیدانی ئاوارەکانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و جارێکی دیکە ژیانیان لە ناوچەکانی ڕەچەڵەکی خۆیان دەستپێبکەنەوە.

 

ئیڤان جبرۆ وەزیری کۆچ و ئاوارەکان ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ پارێزگاری سەڵاح الدین لە باکوری عێراق ئاشکرای کرد کە وەزارەتەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یارمەتی نوێ پێشکەش دەکات.

 

دواهەمین لەو یارمەتییە داراییانە لە سەرەتای مانگی ئایاردا لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە پێشکەشی نزیکەی حەوت هەزار خێزان کرا کە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.