"کێشە لە سەروەر بوونی یاسادایە نەک جێبەجێکردنی"

سەروەر نەبوونی یاسا و سوڵحی عەشایەری وای کردووە خەڵکی پەنا نەبەنە بەر دادگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پارێزەرێکیش دەڵێت: زۆرجار یاساکان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام سەروەر نییە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هەبوونی یاسا لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و ڕێگری کردن لە دروستبوونی کێشە و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام لە هەندێک لە وڵاتان و کۆمەڵەگەکان هەرچەندە یاسا هەیە، بەڵام سەروەر نییە و ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروست دەکات و ناتوانن پەنا ببنە بەر یاسا بۆ چارەسەری کێشەکان بۆیە ناچار دەبن لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن تا ڕادەیەک، بەڵام ئەمەش سەردەکێشێت بۆ کێشەی گەورەتر.

 

"یاسا ئەرک و ماف دیاری دەکات"

کەنار جەمال، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، یاسا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هەبێت ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و بۆ ڕێگری کردن لە دروستبوونی کێشەو  چارەسەرکردنیان لە کاتی ڕوودانیان، لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک یاسامان هەیە کە بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی قەوارەی هەرێم و بەشێکیشیان بۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە و لە پەرلەمانی عێراقدا ئیلفاز کراونەتەوە و کاریان پێ دەکرێت، یاسا گرنگە چونکە ئەرک و مافی هاوڵاتی دیاری دەکات، ئەگەر پابەندبوون هەبێت لە لایەن تاکەکانەوە و یاساش سەروەر بێت بیگومان کێشەکانیش کەم دەبنەوە.

 

"پەنا دەبرێتە بەر چەک بۆ چارەسەری کێشەکان"

کەنار جەمال ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زیادیان کردووە و ئامارەکان ئەوەمان پێدەڵێن، بەتایبەتی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و خێزانییەکان، ئەمانەش هۆکارێکی زۆریان هەیە وەک هۆکاری ئابووری و سیاسی و کلتوری کە ناسەقامگیرییەک لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، یەکێک لەو هۆکارە دیارانەی دەبێتە هۆی کێشە و زۆر جار دەبێتە هۆی تاوانی کوشتن بوونی چەکە لە ماڵەکاندا، ئەگەر ڕێگری لەم دیاردەیە نەکرێت ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن و پەنا دەبرێتە بەر چەک بۆ چارەسەری کێشەکان.

 

وتیشی"ئامارەکان پێمان دەڵێن کە ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵەتەکانی جیابوونەوە ڕوو لە زیاد بوونە و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگە، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانەش ئابووریی و نەبووی پاڵشتی خێزان و کەمی دەرفەتی کارە ئەمەش وای کردوە خێزانەکان نەتوانن ئیدارەی خێزانەکان بکەن و بەشێکیان بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر جیابوونەوە و لەم نێوەندەشدا منداڵ زەرەر دەکات ئەمەش دووبارە زیانی بۆ کۆمەڵگە دەبێت."

 

"سوڵحی عەشایەری سزای تاوانبارانی کەم کردوەتەوە"

کەنار جەمال ڕوونی کردەوە، یاسا تا ڕادەیەک جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە پێی دۆخەکە دەگۆڕێت و زۆر جار بەهۆی دابوونەریتی کۆمەڵگەی کوردیەوە ژنان زەرەرمەند دەبن، هەندێ جار بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە بۆ پیاوان لە کاتی جیابوونەدا ناتوانن ماف بدەن بە ژنان، چونکە هیچ داراییەکیان نییە پشتی پێ ببەستن، یاساکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەر سەروەر بێت هاوڵاتیش ڕێز لە بوونی یاس دەگرێت و پابەند دەبێت پێوەی، بەڵام ئەگەر سەروەر نەبێت هاوڵاتیش متمانەی بەیاسا و دادگا نامێنێت.

 

هەروەها وتیشی"زۆر جار کاتێک تاوانێک ئەنجام دەدرێت بەتایبەتی تاوانی کوشتن مەجالێک هەیە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات ئەویش سوڵحی عەشایەرییە، ئەمەش وا دەکات کەسی تاوان لێکراو لە تاوانبار خۆشببێت و سزای کەسی تاوانبار کەم ببێتەوە و مافی تایبەتی لەسەر نەمێنێت، بەڵام مافی گشتی لەسەر دەمێنێت، سوڵحی عەشایەری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕیشەیەکی کلتوری هەیە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی کێشەی گەورەتر."

 

"ئەرکی پارێزەران سنوردارە"

کەنار عەبدوڵا جەختی کردەوە، ڕۆڵی ئێمەی پارێزەر بە تایبەتی لە کێشە خێزانییەکاندا سنوردارە، زۆر جار کێشەکان دەنێردرێنە لای توێژەری کۆمەڵایەتی و ئەویش بە هەمان شێوە ئەرکەکەی سنوردارە، زۆر جار بۆ چارەسەری کێشە خێزانییەکان دەبێت کار لەسەر بنیاتنانی تاکەکان بکەین، تاکێک دروست بکەین کە دەروونی ئارام و سەقامگیر بێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەی هەبێت و هەموو کات پەنا نەباتە بەر توندوتیژی، وە شوێنە گشتییەکان دەبێت ڕۆڵیان هەبێت و هۆشیاری بڵاو بکەنەوە.

 

کەنار جەمال لە کۆتایدا وتی:" پێویستە تاکەکان هۆشیاریان هەبێت لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئەوەش هۆکارێکی ترە بۆ کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جار قوربانی ئەم کێشانە ژنانن، لە ئەمەشدا یاسایەکمان هەیە کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە ئەویش یاسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و ئەم یاسایەش چارەسەری زۆر کێشەی کردووە، خێزانەکانیش تێگەیشتنیان هەبێت کاتێک ژنان توشی کێشە دەبن و لە یەک تێگەیشتن هەبێت لە نێوان تاکەکاندا."