٣٧ بارهەڵگر کەلوپەل نێردراوە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە

هاوڵاتیان پەیتا پەیتا هاوکارییەکانیان دەبەنە کەمپیەنەکان، کەمپەینی "هاوخەمتانین" بە تەنها لە ماوەی دووڕۆژ و نیودا ٣٧ بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەلی ناردووەتە شوێنی ڕوودانی بومەلەرزەکە.

سلێمانی

 

 کەمپەینی "هاوخەمتانین" کە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ سێهەم ڕۆژی خۆی بەڕێکرد و تا کاتژمێر ٩ی شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی زۆری هاوکاریەکانی هاوڵاتیان وگەرموگوڕییەکانیان بۆ بردنی کەلوپەلە پێداویستەکان بڕیاردرا کەمپەینەکە درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوڵاتیانی دەستی هاوکاری خۆی درێژبکات.

 

ئەم کەمپەینە لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی خۆبەخشەوە بەڕێوە دەچێت، بە وردی ئامارەکانی وەردەگیرێت تەواوی کەلوپەلەکان جیادەکرێتەوە بەو ئامانجەی بە شێوازێکی گونجاو بگاتە شوێنی خۆی، بە پێی ئەو زانیاریانەی نوژنها کۆیکردووەتەوە تا کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ و لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا ٣٧ بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەل نێردراون بۆ شوێنی ڕووداوەکان.

 

"هاوڵاتیان زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا هاوکارییەکانیان بۆ کەمپەینەکە هێنا"

کەوسەر مستەفام، ئەندامێکی خۆبەخشی ڕێکخراوی هۆرایزین، ئاماژەی بەوەکرد لە کەمپەینی هاوخەمتانین کە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە زۆر گەنج هەن بە خۆبەخشانە کار دەکەن، لە وەرگرتنی کالوپەلەکان و چاودێریکردنیان و بارکردنیان بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکان، ئاماژەی بەوەدا لەو باوەڕەدا نەبوون هاڵاتیان بەو گڕوتینەوە کەلوپەل و هاوکاری بهێنن بۆ کەمپەینەکە بەڵام هاوڵاتیان زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا هاوکارییان بردووە.

 

باسی لەوەکرد، کەمپەینەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بڕیاربوو بەردەوام بێت بەڵام بەهۆی گەرموگوڕی هاوڵاتیان بۆ هێنانی هاوکارییەکانیان بڕیارە درێژبکرێتەوە بۆ ١١ی شوبات واتە ڕۆژی شەمە، دەڵێت "واماندەزانی هاوڵاتیان بەس کاتی پشوو دێن و  هاوکاری دەهێنن بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت خەڵکی بێ گوێدانە هیلاکی و کاتی دەوام دێن و هاوکارییەکانیان دەهێنن بە ڕۆژ و بەشەویش، تەنانەت کە بەفر و بارانەکان زیادی دەکرد هاوڵاتیان زیاتر کەلوپەلەکانیان دەهێنا".

 

تەواوی هاوکارییەکان ئەو پەیامە دەگەیەنن کوردان لە دۆخی نا هەمواردا یەکتر بەجێناهێڵن، پاڵپشتی لەیەکتر دەکەن، کەوسەر بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان لەلایەن خۆیانەوە ئاگاداری کەمپەینەکان بڵاوبکەنەوە لە پێناو ئەوەی کەسێکی زیاتر بیبینێت و بتوانن هاوکاری زیاتر کۆبکەنەوە چونکە بچوکترین شت دەتوانێت شوێنی خۆی بگرێت و ببێتە هاوکارییەکی باش بۆ زیانلێکەوتوانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"هەمووان دڵنیابن پێداویستییەکان دەگەنە شوێنی خۆی"

ڕووناک عەلی، سەرتاپای ئەو کەلوپەلانەی بۆ کەمپەینەکە دەهێنرێت جیادەکرێنەوە و سەرژمێریان دەکرێت، بە پێی ئەو ئامارانەی وەریانگرتووە زیاترین ئەو کەلوپەلانەی دەهێنرێت ڕاخەر، بەتانی، جلوبەرگ و خواردنە، جێگەی دەستخۆشییە هاوڵاتیان خۆیان بەرپرسیار دەبینن لە بەرامبەر دۆخی هاونیشتیمانییەکانیاندا.

 

ڕووناک بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان هەموویان بەشداربن لە کۆکردنەوەی هاوکاری چونکە پێی وایە کورد لە هەر شونێک بێت هەر کوردە و یەک ڕۆح و گیانن بۆیە دەبێت پاڵپشتی یەکتر بن.