شەڕو پێکدادان لە سودان بەردەوامە و ١٥٠ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا
بەهۆی پێكدادانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان، ١٥٠ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ـی نیسانی ئەمساڵەوە، شەڕ و پێكدادانی بەرفراوان لە چەند شارێکی سودان لە نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە، بە سەدان كەس كوژراون و بریندار بوون.
بەهۆی پێكدادانی ئەم دواییەی لە ناوەڕاست و باشووری دارفور لەسەر سنووری چاد، نزیكەی ١٥٠ كەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، هەروەها بە هەزاران كەس ڕوویانکردووەتە وڵاتی چاد.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا، ناوچەكانی ویلایەتی دارفور بە شەڕی سەختدا تێپەڕ دەبن، بەتایبەتی لە شارەكانی نیالا، جنێنە، زالنجی، كاس، ئوم دافوق و كەتوم.