٣ ساڵ بەسەر تەقینەوەکەی بەیروت تێپەڕیوە: ئەوانەی بەرپرسن نەدۆزراونەتەوە

لوبنان لە ٤ی ئابی ٢٠٢٠ بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە لە بەندەری مەرفا هەژا، لەو کارەساتەدا ٢١٨ کەس گیانیان لەدەستدا، تەقینەوەکە قەیرانی سیاسی و ئابووریی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتژمێر ٠٦:٠٧ خولەکی بەیانی ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٠ تەقینەوەیەک بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند و بووە خراپترین تەقینەوە لە مێژووی لوبناندا.

 

سەرەتا دوکەڵ لە بەندەری بەیروت بەرزبووەوە و دواتر تەقینەوەیەک ڕوویدا، تیایدا ٢١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە حەوت هەزار کەس برینداربوون، سەدان هەزار کەس لە نزیک ناوچەکە ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، زیاتر لە ٧٠ هەزار شوقە و بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئەو کەسانەی بەرپرسن لە تەقینەوەکە نەدۆزرانەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکرا

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ٢ هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم کە لە سایلۆی بەندەرەکەدا هەڵگیرابوون، بووەتە هۆی ئەو کارەساتە، تێچووی تەقینەوەکە ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاند، ئەم ژمارەیە بە ٪٦٥ی بەرهەمی گشتی ناوخۆی لوبنان مەزەندە کرا، لەو وڵاتەدا کە ئابوری شکستی هێنا، حکومەت داڕما و قەیران لە هەموو بوارێکدا دەستی پێکرد، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بێ ئەنجام ماونەتەوە و ئەو کەسانەی بەرپرسن لە تەقینەوەکە نەدۆزرانەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە.