زیاتر لە ١٠٠ ئاوارە بۆ شەنگال و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ١٢٧ ئاوارە بە ڕازەمەندی خۆیان لە كامپەكانی سنووری سلێمانی و دهۆكەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە سنوورى شەنگال و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی گەڕاندنەوەی ژمارەیەك ئاوارە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال و پارێزگای سەڵاحەدین بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەرنامەكانی حكومەت و وەزارەتەکەماندا بۆ نەهێشتنی ئاوارە و داخستنی كامپەكان، ئەمڕۆ ١٢٧ ئاوارە بە ڕازەمەندی خۆیان لە كامپەكانی سنووری سلێمانی و دهۆكەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە سنوورى شەنگال و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو تیمە مەیدانییەكانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوكاریی گەڕانەوەی خێزانەكان دەكەن، بەردەوام هاوكاریی فریاگوزاریی پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێت، جگە لەوەی هەموو ئاسانكاریی و پێداویستییەكانی ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین كراوە.

 

لە كۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تیمەكانی وەزارەت بەردەوامن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.