"تێکۆشانمان لە دژی داعش بەردەوامە"

بێریتان عەفرین، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە مەترسی کامپی هۆل و پەروەردە و فراوانکردنی نەوەی سێیەمی داعش و قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی هەڵسەنگاند.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ڕۆژی ٢٥ی ئاب قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پشتیوانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە و قەسەدە لە دژی شانەکانی داعش لە کامپی هۆل دەستیپێکرد، بێریتان عەفرین، شەڕڤانی یەپەژە مەترسیی کامپی هۆل و ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی هەڵسەنگاند.

 

" داعش مەترسییە لەسەر هەموو جیهان"

بێریتان عەفرین لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کرد و وتی: ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنییەکان کە لەلایەن شانەکانی داعشەوە لەناو کامپی هۆلدا بەکاردەهێندران دۆزرانەوە،  ژمارەیەک لە شانەکان دەستگیرکران کە خۆیان لە کامپەکەدا ڕێکدەخست و تاوانی کوشتن و سەربڕینیان ئەنجام دەدا و نائارامیان لە کەمپەکەدا دروستکردبوو، مەترسی کامپی هۆل تەنها لەم هەرێمە نییە، بەڵکو لەسەر هەموو جیهانە، داعش ئەمڕۆ خۆی بنیاد دەنێتەوە، بەتایبەتی دوای شکستهێنانیان لە باغۆز و غوێران، بەڵام ئەگەر داعش بۆ جاری سێیەم خۆی ڕێکبخات مەترسی تەنها بۆ ئێمە نابێت هەموو جیهان دەگرێتە دەست.

 

"لەسەر سەربڕینی مەڕ، منداڵان فێری سەربڕینی خەڵک دەکرێن"

بێریتان عەفرین، ئاماژەی بەوەدا، منداڵان لەسەر سەربڕینی مرۆڤ ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و وتی: ئەوەی زیاتر سەرنجمی ڕاکێشا ئەو شمشێرانەیە کە بۆ منداڵان دروستکراون، نەوەی بچوکی داعش لە منداڵییەوە لەسەر بیری باوکیان پەروەردە دەکرێن و لەسەر سەربڕینی مەڕ، منداڵ فێری سەربڕینی خەڵک دەکرێت، ئەمڕۆ ئەم منداڵانە لەم کەمپەدا دەژین، لەسەر هزری داعش گەورە دەکرێن، هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە پەروەردەیان پێدەکرد، لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە دەستی بەسەرداگیرا.

 

"گوێ گرتن لە میوزیک لە کامپی هۆل قەدەغەیە"

بێریتان عەفرین ئەوەی خستەڕوو کە گوێ گرتن لە میوزیک لە کامپەکە قەدەغەیەو وتی: لە دەرەوەی سرودەکانی داعش قەدەغەیە لە کامپی هۆل گوێ لە میوزیک بگرن، چونکە گوناهبار دەبن، هەروەها ئەوانەی گوێ لە میوزیک دەگرن سزا دەدرێن، چونکە ئەگەر منداڵان و ژنانی داعش گوێ لە گۆرانی و میوزیک بگرن لە بیری داعشی پەشیمان دەبنەوە، بۆ ئەوەی هەستە ڕاستەقینەکان پەرە پێنەدەن، میوزیک قەدەغە دەکەن.

 

"هەموو کارێک دەکەن بۆ زیادکردنی ژمارەیان"

بێریتان عەفرین، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنانی ئەم کامپە ئامانجیان زیادکردنی داعشە بۆ ئەمەش هەموو ڕێگەیەک بەکاردەهێنن، "لێرە منداڵی زۆر هەیە، ژنان بۆ ئەوەی داعش زیاد ببێت، خۆیان ڕادەستی کوڕانی ١٤٠١٥ ساڵ دەکەن، بۆ ئەوەی کە گەورەبوون دەستدرێژی بکەنە سەریان و منداڵ بخەنەوە، لە هەندێک بەشدا پیاو نییە و تەنیا ژن و منداڵ ماونەتەوە، بەڵام کاتێک دەبینین منداڵ بەبێ پیاو لە دایک دەبێت، مرۆڤ دەزانێت کە شتی نائەخلاقی ڕوویداوە".

 

"گەڕانمان بۆ ژنانی ئێزدی بەردەوامە"

بێریتان عەفرین، ئەوەی ئاشکراکرد کە گەڕانیان بۆ ژنانی ئێزدی لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیدا بەردەوامە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ژمارەیەک ژنی ئێزدی لە کامپی هۆلدا هەن، هەندێکیان ناسراونەتەوە و ڕزگارکراون، تێکۆشانی ئێمە لە دژی داعش بەردەوام دەبێت و ئامانجەکانی هەڤاڵە پاکڕەوەکانمان بەدەست دێنین".