دەنگدەرانی ژن بەشدارن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ لە کاتژمێر٧ ی بەیانییەوە دەستیپێکرد و هاوڵاتیان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد، ژنانی دەنگدەر بەشداری ژنان لە پڕۆسەکەدا بە گرنگ دەزانن.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی عێراق و باشوری کوردستان  ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کردو بەشێک لە دەنگدەرە ژنەکان بۆ ئاژانسی ژنها قسەیان کرد و باسیان لەوە کرد پڕۆسەی دەنگدان پڕۆسەیەکی نیشتیمانییە و هاوڵاتیان پێویستە سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن،  بەتایبەتی ژنان بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

 ئارا عومەر فەتاح یەکێک لەو ژنانەی بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی کرد لە بنکەی جەمال تاهیر، باسی لە گرنگی بەشداری کردنی ژنان کرد لە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ژنها قسەی کرد و وتی: " ژنان پێویستە بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە دەنگدان مافێکی سەرەتایی خۆیانە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانیان و سەلماندنی بوونی کورد لە پەرلەمانی عێراق".

هەروەها ئارا عومەر فەتاح دەربارەی متمانەدان بە کاندیدە ژنەکان لەلایەن ژنانەوە ئاماژەی بەوەکرد، متمانەدان بە کاندیدە ژنەکان گرنگیەکی زۆری هەیە و ژنان زیاتر ئەتوانن لە ژنان تێبگەن و دەتوانن ئەو مافانەی ژن کە فەوتێنراوە لە پەرلەمانی عێراق بەدەستی بهێنن".

 

نیان عومەر یەکێکی ترە لەو ژنانەی بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان کرد، ئاماژەی بەوەکرد پرۆسەی دەنگدان پرۆسەیەکی نیشتیمانی و دیموکراسییە و وتی: "لە پڕۆسەی دەنگدان تاکەکانی کۆمەڵگا ئازادانە دەتوانن ناڕاستەوخۆ بەشداری کایەیەک لە کایە سیاسییەکانی کۆمەڵگە بکەن و نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان هەڵبژێرن بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانیان".

نیان ناڕازیبوونی خەڵکی لە دۆخی سیاسی وڵات گەڕاندەوە بۆ جیاوازی بیروڕای سیاسیی پارتەکان، هەروەها سەختی بارودۆخی ئابووری و سیاسی  هاوڵاتیانی گەڕاندەوە بۆ هۆکارە ناوخۆییەکانی وڵات و وتی: "خەڵک مافی خۆیەتی گلەیی و گازندەی هەبێت چونکە خەڵک دەیەوێت بارودۆخی باش ببێت، ئەوانیش مافی خۆیانە وەک بەرپرسەکان بژین و ژیانێکی شایستەیان هەبێت، مافی خۆیانە لە ڕێگەی دەنگدانەوە ئەو پارتەی دەیانەوێت تاقی بکەنەوە و هەڵیبژێرن".