ژنانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پێویستە جیهان لەسەر مەرگی ژینا بێتە دەنگ

بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ژینا ئەمینی و ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنانی کورد چەندین ڕێکخراو ئیدانەی کوشتنی ژینا و توندوتیژی دژی ژنانیان کرد.

سلێمانی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٩ی ئەیلول، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک  بە هاوبەشی لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕیکخراوی پەیوەندییەکانی ژنی کورد، ڕیکخراوی ڕوناک، کۆنگرەی ستار، بۆردی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی سەوزی کوردستان، ڕیکخراوی زەردەشتیەکان، ژنانی ئازادی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و تێیدا ئیدانەی دەستبەسەرکردن و مەرگی ژینا ئەمینییان کرد و ئاماژەیان بەوەدا پێویستە ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان بکرێت و جیهان بۆ ژینا بێتە دەنگ.

 

‎لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لەلایەن فاتمە خەلیفەزادە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "تا عەقڵیەتی نێرسالار لەسەر کۆمەڵگە زاڵ بێت مافەکانی ژنان پێشێلدەکرێت، ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی دڵتەزێنی ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر دەبیستینەوە، هەریەک لەو قەتڵانە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان تووشی شۆکێکی تر دەکات، ئەقڵیەتی ژنکوژ گەیشتووەتە ئاستێک کە بێ پەروایانە ژنان لە ماڵ و شەقامدا دەکوژێت، لەبەر ئەوەی دەزانێت هەم عەقڵیەت و هەم یاسا پشتیوانیەتی.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لە مەرگی شلێر ڕەسوڵی و ژینا ئەمینی کرا و دەڵێن: شلێر و ژینا لە بنەمادا وەڵامێکی "نا" بوون بۆ هەموو ئەو هێرشانەی کە سیستمی داگیرکەری ئێران ئەیەوێت بەسەر ژندا بیسەپێنێت، بۆ ئەقڵیەتی ژنکوژ جوگرافیا گرنگ نییە، هەروەک چۆن لە باشووری کوردستانیش ژن دەکوژرێت و بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگەوە بێدەنگ دەکرێن.


لە کۆتایدا ڕێکخراوەکانی ژنان ستایشی هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد کە خاوەندارییان لە ژنانی وڵاتەکەیان کرد، "هەریەک لەو ژنانەی هاواری ژن، ژیان، ئازادییان کرد، بوون بە دەنگی شلێر و ژینا، ئێمەش وەک ژنانی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان وێڕای سەرەخۆشی، ئیدانەی ئەم کردەوانەی ڕژێمی داگیرکەر و ژنکوژی ئێران دەکەین، بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێین ئێوە بە تەنیا نین و ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگتان تا ئەوکاتەی کۆتایی بە ئەقڵیەتی ژنکوژ بهێنن و کۆمەڵگەیەکی یەکسان بخوڵقێنن.