دەم پارتی لە پەیامێکدا ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری پیرۆز کرد
دەم پارتی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک دەم پارتی سڵاو لە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەین، کە لە بونیادانانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بە شایستەییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە.

ناوەندی هەواڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، بە بۆنەی ٣ـی ئایار ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری پەیامێكی بڵاوکردەوە و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادیی بەبیر هینایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم رۆژە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٣دا وەک "ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری" پیرۆز دەکرێت، بەڵام ئەم ڕۆژە لە تورکیادا دوور لە هەموو تایبەتەمەندییەکانی پێرۆز دەکرێت و هەموو جۆرە کۆمەڵکووژی و فشارێک لەسەر ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەبرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی پێوەرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندنی جیهانی پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) ئەمساڵ تورکیا لە بواری فشار و هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەوانان لە نێو ١٨٠ وڵاتدا لە ڕیزبەندی ١٥٩ـەمین وڵاتدایە.
دەم پارتی ئەوەشیخستەڕوو، لەماوەی ٥ ساڵی کۆتاییدا، ١٥ ڕۆژنامەنووس لە هێرشە سەربازییەکاندا لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کوژراون، هۆکاری کوشتنیشیان ڕووماڵکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان بووە.
لە کۆتاییشدا هاتووە: وەک دەم پارتی سڵاو لە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەین، کە لە بوونیادانانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمووکراتیکدا بە شایستەییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە، لە کەسێتی مەتین گۆکتەپە، غوربەتلی ئەرسۆز، هرنات دینک، ئاپێ موسا، ناگیهان ئاکارسەل، نازم داشتان و جیهان بیلگیندا هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە ڕێز و پێزانییەوە یاد دەکەینەوە، ئەم ڕۆژە لە هەموو ڕۆژنامەوانان پیرۆز بێت.