دەم پارتی: دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی بەرخۆدانەکانمان فراوان دەکەین

دەم پارتی لە ڕاگەیwندراوێکدا ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەربڕی و وتی: دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و ژنانی دیکە بەرخۆدانەکانمان فراوان دەکەین، دەبینە دەنگی شەریفە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٦ی ئاب، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کرا.

 

پارتی یەکسانیی و دیموکراتیکی گەلان “دەم پارتی” سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئێمە لە بەرانبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و کرێکاران، لە لایەن ڕژێمی ئێران بەرخۆدان دەکەین.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر هێرشێک لە جیهاندا بۆ سەر ژنان ئەنجام بدرێت وەک هێرشێک بۆ سەر جەستەی خۆمانی دەزانین و دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدانەکانمان فراوان دەکەین، ڕژێمی ئێران، کە ژیان و بەرخۆدانی ژنانیان کردووەتە ئامانج و جارێکی دیکە لەپێناو بەردەوامبوونی دەسەڵاتی پیاوسالار تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ژنانی تۆمارکردەوە.

 

باس لەوەشکراوە، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی، کە پەیوەندیدارە بە توندوتیژیی، تاوانی مافی مرۆڤ، ستەم و داگیرکاری، جگە لەوەی بەرهەمێکی سیستەمێکی دادپەروەر نییە، بەڵکو بەرهەمێکی سیستەمێکە، کە دەسەڵاتی پیاوسالاری  پەروەردە دەکات و مافی ژیانی ژنان پێشێل دەکات، هەروەها سەدان ژن، کە بۆ ئازادی ژنان بەرخۆدان دەکەن لە لایەن ڕژێمی دژە ژن کراونەتە ئامانج.

 

دەشڵێن: ئێمە لە بەرانبەر ئەو سیستەمە و دەسەڵاتەی خۆی لە پشت یاسا و دادگا خۆی حەشارداوە بێدەنگ نابین، داوا لە سەرجەم ژنان دەکەین بە ناونیشانی”هەر تاڵە قژی ژینا ئەمینی، بەرخۆدانی ئێمەیە” بە یەکگرتوویی دەنگەکان بەرز بکەنەوە و ئەوەش بە مانای بەگژداچوونەوەی دژی یەکسانی و ئازادی دژ بە سیستەمی پیاوسالاری لە هەر کۆمەڵگەیەک دادەنرێت، هەروەها بە درووشمی”ژن ژیان ئازادیی” دەبینە دەنگ و هەناسەی شەریفە محەمەدی.