دلارام کازەمی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە ئەشکەنجەدان کوژرا
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران ڕاگەیاند، ژنێکی کورد بە ناوی دلارام کازەمی خەڵکی شارۆچکەی گیەڵان غەربی سەر بە کرماشان لە کاتی خۆپیشاندانی پارێزگاکە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کرا و لەژێر ئەشکەنجەداندا گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستا بەردەوامە، بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٢ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەری دیکەش بریندار بوون.
لە ٢١ـەمین ڕۆژدا خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژ بە ڕژێمی ئێران بەردەوامی هەیە و هێزە سەرکوتکەرەکانیش لە دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، ژنێکی کورد لە کرماشان لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆری ئیتلاعاتی ئێران کوژرا.
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران ڕاگەیاند، ژنێکی کورد بە ناوی دلارام کازەمی خەڵکی شارۆچکەی گیەڵان غەربی سەر بە پارێزگای کرماشان لە کاتی خۆپیشاندانی پارێزگاکە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کرا و لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆردا کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە گەنجە خۆپیشاندەرە لە ٧ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئیران بەبێ فەرمانی دادوەر و بەبەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
باس لەوەشکراوە، دلارا کازەمی دایکی دوو منداڵ و سەرپەرشتیاری خێزانەکەی بووە، هەروەها لە ئەنجامی ئەشکەنجەکاندا هەر دوو دەست و چەند ددانێکی شکێنراوە.