دۆخی تەندروستی دوو ژنی زیندانیی سیاسی لە ئێران لە مەترسیدایە
ڕێکخراوی هەرانا هۆشداریی لە مەترسییەکانی سەر تەندروستی دوو ژنی زیندانیی سیاسی لە ئێران داوە، یەکێکیان بەهۆی مانگرتن لە خواردن و ئەوی دیکەش بەهۆی نەخۆشی و بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە مەترسی لەسەر دۆخی تەندروستی دوو ژنە زیندانیی سیاسیی لە ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: مەحبووبە شەعبانی لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییەیی گەلانی ئێران لە گرتووخانەی وکیل ئابادی مەشهەد ماوەی چوار ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر ناڕوونی دۆسییەکەی و نەبوونی چاودێریی پزیشکی و گواستنەوەی بەردەوامی لە نێوان گرتووخانەکانی ڕژێمی ئێراندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ناوبراو لە دەستبەسەریدا تووشی نەخۆشییەکی توندی پێست بووە و بە تۆمەتی پشتیوانییکردنی هێرشەکانی سەر ئێران دۆسییەکەی لە دادگای شۆڕشی مەشهەد لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
باس لەوەشکراوە، ڕویا سابت، هاووڵاتیی بەهایی کە سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێنراوە و لە گرتووخانەی عادل ئابادی شیراز دەستبەسەرە، سەرەڕای ئازاری توندی پشت و مل و دابەزینی ئاستی فشاری خوێنی بۆ ٧٠٪، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و چارەسەرکردن بێبەش کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهایی نیگەرانیی خۆی ئاشکرا کردووە لەوەی بەرپرسانی گرتووخانە هەوڵی تۆمارکردنی دۆسیەیەکی نوێی لە دژی ڕویا سابت بدەن بە تۆمەتی “بانگەشە بۆ بەهائیەت”، کە ئەمەش بەشێکە لە گوشارە بەردەوامەکانی دەزگاکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر پێکهاتە ئایینییەکان.