دۆخی تەندروستی سومەیە ڕەشیدی زیندانی سیاسی خراپتر بووە
ڕاگەیاندرا دۆخی تەندروستی سومەیە ڕەشیدی، زیندانی سیاسیی کوردو چالاکوانی کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ، کە لە ئێران زیندانیکراوە خراپتر بووە.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی هەواڵێکی ژن نیوز، سومەیە ڕەشیدی، زیندانی سیاسی لە زیندانی قەرچکی تاران زیندانیکراوە، بەهۆی خراپی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی مەفتاح گوازراوەتەوە.
سومەیە ڕەشیدی لە ٢٤ی نیسان دوای دەستبەسەرکردنی، زیندانیکرا. بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندوە دۆخی تەندروستی خراپە و مەترسی جدی لەسەرە.
هەروەها باس لەوەشکراوە ڕەشیدی لە ٢٦ی نیسان لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ١٥ی حوزەیران گواسترایەوە بۆ بەشی ژنان لە زیندانی ئەوین. دوای هێرشەکەی ئیسرائیل لە ٢٣ی حوزەیران بۆ سەر زیندانی ئەوین، ڕەوانەی زیندانی قەرچەک کراوە.
سەرچاوە نزیکەکانی وی ڕایانگەیاندووە، سومەیە ڕەشیدی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دووچاری توندوتیژی بووەتەوە و چەند مانگێکە بەدەست سەرئێشەو نەخۆشی بێهۆشییەوە دەناڵێت و پزیشکەکان هۆشدارییان داوە گەر نەخۆشییەکەی سومەیە ڕەشیدی زۆرتر بێت ئەوا مەترسی لەسەر ژیانی دادەنێت. بنەماڵەکەشی ئاماژەیان بەوەداوە، دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن ئەم دۆخە وەک "هەوڵێکی خۆکوژی" نیشان بدەن.
سومەیە ڕەشیدی پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستبەسەر کرابوو. چالاکوانێکی کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ بوو، یەکێک بوو لەو خوێندکارە لێهاتووانەی ڕێگری لێکرا کە ماستەر لە بواری کاروبارەکانی ژناندا بخوێنێت.