"پەیمانی تێکۆشانی چینایەتی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری نوێ دەکرێتەوە"
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا ڕایگەیاند، "چەوساندنەوەی ژنان پەرەی سەندووە، کە هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی خراپتربوونی ژینگەی کار و نەمانی دڵنیایی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات".
ناوەندی هەواڵ
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، کە لە سێ حزبی چەپی کوردستان پێکهاتوون، لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست.
لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ کرێکاران لە سەرتاسەری جیهاندا، یادی ١٣٧ ساڵەی گیانفیدایی و تێکۆشانی هاوڕێکانیان لە شاری شیکاگۆ دژ بە سیستەمی سەرمایەداری دەکەنەوە و پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان جارێکی دیکە، پەیمانی تێکۆشانی چینایەتی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەدیهێنان و بنیاتنانی سۆسیالیزم لەپێناو مرۆڤایەتی و هێنانەدی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، نوێ دەکەنەوە. بارودۆخی کرێکارانی کوردستانیش، کە دابڕاو نییە لە دۆخى گشتی کرێکارانی جیهان، سەرەرای تایبەتمەندییەکەی بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، بڵاوبونەوەی بێکاری زیاتر و دابەزینی هەقدەستی کار و دابین نەکردنی مافی بیمە سەرەتاییەکانی وەک بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری بەردەوامە.
لیژنەکە جەختیان لە چەوساندنەوەی ژنان کرد و خستیانەڕوو، چەوساندنەوەی ژنان پەرەی سەندووە، کە هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی خراپتربوونی ژینگەی کار و نەمانی دڵنیایی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات.
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە ١٠ خاڵدا داواکارییەکانیان دەخاتەڕوو؛
یەکەم- نەهێشتنی بێکاری و رەخساندنی هەلی کاری یەکسان و دابینکردنی بیمەی بێکاری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی لایەنی کەمی کرێ، کە لە ٧٠٠ هەزار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت.
دووەم- دەستەبەری کار و ژیانی کرێکاران بکرێت.
سێیەم- سەلامەتی پیشەیی کرێکاران و دابینکردنی هۆیەکانی خۆپارێزی لەشوێنی کار بەرپرسیارێتی حکومەتو کۆمپانیاکانە.
چوارەم- رێگەگرتن و نەهێشتنی جیاکاری لە نێوان کرێکاری ژن و پیاو و گێچەڵی سێکسی.
پێنجەم- مسۆگەرکردنی دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا و گەڕاندنەوەی پاشکەوتەکان.
شەشەم- دابینکردنی مافی (مۆڵەتی دایکایەتی) بۆ کرێکارانی ژن، ڕێگاگرتن لە کارپێکردنی منداڵان.
حەوتەم- کاراکردنەوەی سەندیکای کرێکاران و ڕەخساندنی فرەیی و ئازادی خۆ ڕێکخستن.
هەشتەم- سندوقی خانەنشینی و زەمانی کرێکاران کارا بکرێتەوە.
نۆیەم- یاسای کاری نوێ لە هەرێمی کوردستان کارا بکرێت رێنمایی بۆ دەربکرێت و هەمواری ئەو ماددانەش بکرێتەوە کە ژینگەیەکی گونجاو بۆ شکۆی کرێکار ناڕەخسێنێت.
دەیەم- پاراستنی ژینگەی کوردستان بەرپرسیارێتی حکومەتە و لەمباریەوە چاوچنۆکی کۆمپانیاکان کۆتایی پێبهێنرێت.