کەرتی تەندروستی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکانەوە

بێریڤان محەمەد، کە لە بەشی دەرمانخانەی ناوەندی تەندروستی زرگان کار دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر زرگان، کێشەی زۆر هەیە لە بواری تەندروستیدا.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە کاتێکدا کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر گەمارۆ و هێرشدایە، دەوڵەتی تورکیا ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج لە هێرشەکەی ٤ی تشرینی یەکەمدا، ئەمڕۆ ناوچەکە و وڵاتەکە ڕووبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە، یەکێک لەو کەرتانەی کاریگەری لەسەرە تەندروستییە و بووەتە ئامانجی ڕۆژانە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و بەهۆی هێرشەکانی سەر زرگان کە دەکەوێتە کانتۆنی حەسەکە، لە ئێستادا کێشەکە چارەسەر نەکراوە و ئەمەش قەیرانێکی گەورە دروست دەکات.

 

بێریڤان محەمەد، کە لە بەشی دەرمانخانەی ناوەندی تەندروستی زرگان لە هەرێمی جزیرە کار دەکات، باسی هێرش و پێشێلکارییەکانی کرد.

 

تەندروستی بەهۆی هێرشەکان زیانی بەرکەوتووە

بێریڤان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ناوچەیەکی بچوکی وەک زرگان بۆ ماوەی ٥ ساڵە هێرش دەکرێتەسەری و وتی: هێرشی ڕۆژانە بۆ سەر ناوچەکان و گوندنشینان کاریگەری لەسەر خەڵکی مەدەنی هەیە.، هەروەها بواری تەندروستی زیانی بەرکەوتووە و ناوەندی تەندروستی ئێمەش بۆردومان کراوە و ژمارەیەک دەرمان بەهۆی تۆپ و پارچەکانیەوە زیانی بەرکەوتووە، هەموو جارێک ناوەندەکەمان دەگۆڕین و ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبینەوە لە دابینکردنی دەرمان، لە ماوەی ساڵێکدا، دەتوانین دوو جار  ژمارەیەکی کەمی دەرمانی پێویست دابین بکەین تەنها بۆ چەند ڕۆژێک.

 

بێریڤان محەمەد ڕایگەیاند، هیچ دەرمانێک بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ناوچەکەدا نییە و وتی: دەرمانی شەکرە و دڵ و گرژیمان نییە و ئەم بارگرانییە زۆر قورسە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی، چونکە ناوەندەکەمان تاکە ناوەندی تەندروستییە لە ناوچەکە و گوندەکەدا، سیرۆم و پەموومان نییە بۆ برینداران و ناتوانین چارەسەریان بۆ بکەین تەنها دەتوانین بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بیانبەین بۆ نەخۆشخانەکانی حەسەکە یان دربەسپی.

 

"چوون بۆ چارەسەری بریندارەکان ئەوانیش کرانە ئامانج"

بێریڤان محەمەد وتی: هەموو ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن لەلایەن تۆپەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، کاتێک هاوڕێکانمان دەچن بۆ ڕزگارکردنی بریندارانی بۆردومانەکان، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمە تەندروستییەکانمان دەکاتە ئامانج، لەبەر ئەوەی هەوڵ دەدەین ژیانی برینداران لە مردن ڕزگار بکەین و هەناسەیەکی نوێیان بدەینێ، دەبێت دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیار بکرێت لە بەئامانجکردنی تیمە تەندروستییەکانمان و ناوەندەکانمان.

 

"نەبوونی دەرمان بارگرانی لەسەر نەخۆشەکانیش هەیە"

بێریڤان محەمەد وتیشی: دەرمانی پێویستمان نییە و بەهایان لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا زۆر گرانە، لەم حاڵەتەدا باری هاوڵاتیانی مەدەنی زۆر قورسە، سەرەڕای ئەوەش، ڕێگاکانی تل تەمر و دربەسپی زۆرجار بەهۆی هێرشەکانەوە داخراون و نەخۆشەکانی ئێستا ناتوانن بگەنە شارەکان و هیچ دەرمانێکیش لێرە نییە و هیچ پزیشکێکی تێدا نییە.

 

بانگەواز بۆ دەزگا و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان

بێریڤان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی کرد و وتی: پێویستە گوێ لە بنکەی تەندروستی پارێزگای زرگان بگرن، گرنگترین شت دابینکردنی دەرمانە بۆ چارەسەری نەخۆش و بریندارەکان.