لە سیئۆل بەخۆی بارانبارین چەندین کەس گیانیان کەدەستداوە

گۆڕانی کەشوهەوا وڵاتانی ڕوبەڕووی کارەساتی سروشتی کردوەتەوە، لە سیئۆل بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ژمارەیەکی پێوانەیی زیاتر لە ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی ئاو بیناکانی گرتوەتەوە و ئۆتۆمبێلەکانی نوقم کردووە.

ناوەندی هەواڵ

بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا کە لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا بووەتە هۆی ڕوودانی چەندین کارەساتی سروشتی و بەو هۆیەشەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە، لە بەشێک بارانبارینی بە خوڕ و لافاو، لە ناوچەیەکی دیکە وشکەساڵی و پلەکانی بەرزی گەرما.

 

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور، ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە هەشت کەس لە سیئۆل گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی بارانبارین ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند ماڵ و ڕێگاوبان و وێستگەکانی میترۆ لە پایتەختی کۆریای باشوور ژێر ئاو کەوت و کارەبای بڕی و سەدان کەسیش ناچاربوون شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

 

وەزارەتی ناوخۆ و سەلامەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، سێ کەس لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە ژێر زەمینێکی لافاواویدا گیریان خواردووە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ٩ کەسی دیکەش برینداربوون و شەش کەسیش بێسەروشوێنن.

 

لە نیوەی شەوی دووشەممەوە بە کاتی ناوخۆیی وڵاتەکە، بەشێک لە سیئۆل بە گشتی ٤٢٢ ملیمەتر  باران باریوە، ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتداران بەرزترین ئاگادارکردنەوەی فریاگوزاری ئاستی ٣ بەرز بکەنەوە. شارەکە لە کاتژمێرێکدا ١٤١.٥ ملیمەتر باران باریوە، کە بەرزترین ڕێژەیە لەو کاتەوەی دەسەڵاتداران دەستیان بە تۆمارکردنی داتاکان کردووە.

 

هەرچەندە تا بەیانی سێشەممە ئاوی لافاوەکە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووبوەوە، بەڵام ئۆتۆمبێل و پاسەکان بەسەر ڕێگاوبان و شەقامەکاندا بڵاوبوونەوە و هاتوچۆی بەیانیان گرتبوو.

 

 بەهۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک وێستگەی میترۆ داخران، شەوی دووشەممەش هێڵەکان بۆ ماوەیەکی کاتی راگیران، تا بەیانی سێشەممە دەسەڵاتداران هێشتا کاریان دەکرد بۆ کردنەوەی وێستگەکان.

 

چەند ناوچەیەکی باشووری ڕووباری هان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە قەزای گەنگنامی دەوڵەمەند و مۆدێرن کە هەندێک بینا و فرۆشگاکان لافاویان لێکەوتەوە و کارەبایان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتداران، نزیکەی ٨٠٠ دانیشتوو شوێنەکانیان چۆڵکردووە بۆ قوتابخانە و هۆڵەکانی وەرزش یان بە ئارەزووی خۆیان لە ناوەندە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان داوای حەوانەوەیان کردووە، چونکە لافاو زیاتر لە ٧٤١ خانوو و دوکانەکانی گرتۆتەوە.