یاسمین مەقبلی فەرمانداریی ئەرکەکانی بۆشایی ئاسمانی ناسا دەکات

بەگوێرەی ئەو هەواڵەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، یاسمین مەقبلی فەرماندەی نوێی فڕینی بۆشایی ئاسمانی ناسایە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی “ناسا” ڕایگەیاند کە یاسمین مەقبلی کەشتیوانی ئێرانی-ئەمریکی، سەرکردایەتی حەوتەمین ئەرکی سپەیس ئێکس بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی دەکات، لەگەڵ سێ پسپۆڕی فڕۆکەوانی دیکە کە نزیکەی چل ڕۆژ دەخایەنێت و لە پانزەی مانگی ئابی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

 

لەم گەشتە ئاسمانییەدا، چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی کە نوێنەرایەتی چوار دەزگای جیاوازی بۆشایی ئاسمان دەکەن، ئەوانیش یاسمین مەقبلی لە ناسا، فڕۆکەوان ئەندرێس موگینز لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا، ساتۆشی فوروکا لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆن و کۆنستنتین بۆریسۆڤ لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە یەکەم گەشتی بۆشایی ئاسمانە بۆ کەشتیوانێکی ئێرانی کە لە ساڵی ٢٠١٧ وەک یەکێک لە کەشتیوانەکانی ناسا هەڵبژێردراوە.

 

یاسمین مەقبلیی ٤٠ ساڵ، لەگەڵ براکەی لە ئەڵمانیا لە دایک و باوکێکی ئێرانی لەدایکبووە، لە شاری باڵدوین لە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا گەورە بووە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساشوستس و هەروەها لە قوتابخانەی پۆست گریجوەیتی دەریایی لە شاری مۆنتەری کالیفۆرنیا خوێندوویەتی.