دۆخی جەستەیی فاتمە سپهەری تێکچووە

فاتمە سپهەری، کە لە زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەدە دۆخی جەستەیی تێکچووە و براکەی ڕایگەیاند، داوای ڕاگرتنی ئەو "ئەشکەنجە" دەکەن کە سزای پێدراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

محەمەد حسێن سپهەری، زیندانی سیاسی پێشوو و برای فاتمە سپهەریی زیندانی سیاسی کە لە زیندانی وەکیل ئابادە لە شاری مەشهەد، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی پرۆسەی چارەسەرکردن و تێکچوونی باری جەستەیی خوشکەکەی لە زیندان بڵاوکردەوە.

 

بە ئاماژەدان بەوەی لە ٢٤ی حوزەیراندا، چاوی بە خوشکەکەی کەوتووە، کە بۆ چارەسەری فیزیۆتێراپی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد، ڕایگەیاند، کە سەرەڕای ٣ نەشتەرگەری بۆ دەستی و چەندین دانیشتنی چارەسەری فیزیۆتێراپی، بەهۆی "دۆخی تایبەتی زیندان و فشاری دەمارییەوە" تێکچوونە جەستەییەکەی چارەسەر ناکرێت.

 

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، کە باری جەستەیی خوشکەکەی لەبار نییە و ئاماژەی بە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێنی بەهێز کرد بەهۆی ئازارەکەیەوە، وتیشی: داوا لەو کەسانە دەکەم کە دەتوانن بڕیاردەر بن، ئەو ئەشکەنجەیە ڕابگرن کە بۆ خوشکەکەم دەرکراوە.