"تەنها ڕێگە دژی زوڵم، یەکڕیزییە"

ئەو ژنانەی کە لە ئامەد دژی کوشتنی ژینا-مەهسا ئەمینی چالاکیان ئەنجامدا، ئاماژەیان بەوەدا، تاکە ڕێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم هاودەنگییە و دەڵێن: "دەبێت بە نوخبەی دەسەڵات بڵێین بوەستن".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- دوێنێ لە تورکیا و باکووری کوردستان، ژنان دژی کوشتنی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە تارانی پایتەختی ئێران، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی پۆلیس بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چالاکییان ئەنجامدا و پەیامی هاوسۆزییان بە ژنانی ئێران دا، هەروەها بەڵێنیان دا کە تێکۆشان دژی سیستەمی باڵادەستی پیاوان گوڕتر بکەن.

 

"هەڵوێستی هەموو دەوڵەتەکان بەرامبەر بە ژنان وەک یەکە"

ئارین زومڕوت، ئەندامی سەکۆی ژنانی دیجلە لە ئامەد بۆ نوژنها دوا و وتی: ئەمڕۆ وەک ژنانی کورد بەیەکەوە کۆبووینەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا-مەهسا ئەمینی، ئەم چالاکییانە لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن، ئەو قەدەغەکردنانەی کە ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێن بەگشتی ئاماژەن بۆ دۆخی دەوڵەتەکان وەک سیستەمەکە. بەم قەدەغەکردنە دەیانەوێت بڵێن 'دەتوانم بە هێزی خۆم هەر شتێک بکەم'. هەمیشە چالاکیەکانمان لەبەر هۆکاری ئەمنی ڕێگرییان لێدەکرێت، بەڵام ڕووداوەکانی هاوشێوەی مەهسا دەریدەخات کە ئێمە چەندە لەناو نائەمنیدا ژیان دەکەین، چونکە تێڕوانینی هەموو دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لە دژی ژنان وەک یەکە.

 

"پێویستە پێکەوە دژی ستەم بوەستینەوە"

لالەش ئەرتوگرول، ئەندامی لقی ژنانی پارتی کۆماری گەل-جەهەپە دەڵێت: ئێمە وەک ژنان ئەمڕۆ لێرەین بۆ پشتیوانیکردن لە تێکۆشان بۆ یەکسانی، ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەڕاستی ستەمیان لێدەکرێت، کۆبووینەتەوە. ئه‌و کێشانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئێران ڕووبه‌ڕووی ژنان ده‌بێته‌وه‌ له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی جیهاندا دووبارە بوونەتەوە، ئێمە لێرەدا هەمان فشارەکان ئەزموون دەکەین، بەڵام ڕێگای زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا یەکسانی و هاودەنگییە. لە هەر شوێنێکی دونیا ئەگەر ژنێک هەبێ زوڵمی لێدەکرێت، پێویستە هەموو ژنان یەک بگرن و بڵێن ئیدی بەسە و بە یەکڕیزی ئەم دڕندەییە کۆتایی دێت.

 

"دەبێت بە ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار بڵێین بوەستێت"

غەزەل بایرام، پارێزەر و داکۆکیکاری مافی ژنان وتی: ئەمڕۆ هەموو ژنان لێرەن بۆ کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەمە هێرشێکە بۆ سەر هەموو ژنان لە کەسایەتی ژینادا، هەموو ژنانی جیهان دژی ئەمە ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەو ڕێپێوانەی کە ئێمە ویستمان لە ئامەد ئەنجامی بدەین لەلایەن پارێزگارەوە قەدەغە کرا. بە بڕوای ئێمە هیچ لایەنێکی قبوڵنەکراوی ئەمە نییە. بەرامبەر ئەو بۆچوونە دەسەڵاتدارەدا کە بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات لە قژمانەوە تا شێوازی دانیشتنمان، دەبێت بڵێین ڕابوەستن.