ئامینە شەنیاشار: بەم جەژنە ماڵم بووەتە بەردەم دادگا

بنەماڵەی شەنیاشار ڕۆژی جەژنیان لە بەردەم دادگای ڕەحا بەڕێوەدەبەن و لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێن ساڵ و نیوێکە ئەو دایکە ماڵەکەی بووەتە بەردەم دادگا و لە جەژندا دەبوو لەناو منداڵ و نەوەکانیدا بێت.

ڕەحا

 

ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پەرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرییان لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ لە ٤٨٨ەمین ڕۆژیدا و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە شوێنەکەیان بە ناوی "سوچی دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار" بەردەم دادگای ڕەحا بەردەوامە.

 

"ساڵ و نیوێکە ماڵەکەم بووەتە بەردەم دادگا"

دایکە ئامینە شەنیاشار لەبارەی دۆخی خۆیانەوە وتی: ئەمڕۆ جەژنە بەڵام ئێمە لە ماڵەوە نین، منداڵ و نەوەکانم بەجێهێشت و هاتمە ئێرە. فادیلی کوڕم ٥ ساڵە لە زینداندایە، بۆچی ئەوانە سزا نادرێن کە ئەمەیان کردووە؟ تۆمارەکانی کامێرا دەشارنەوە، با ئیدی فادیل ئازاد بکرێت، خێزانەکەمیان کۆمەڵکوژ کرد، خێزان و نەوەکانمیان پەرێشان کردووە، ساڵ و نیوێکە ماڵەکەم بووەتە بەردەم دادگا، ئایا ئەردۆغان و ئامینەی هاوژینی ئەم ئەم شتانە نابینن؟.

 

هاوڵاتیان لە دەرەوەی شارەوە هاتن و لە یەکەم ڕۆژی جەژندا سەردانی ئامینە شەنیاشاریان کرد، هەروەها گروپێک لە ئەندامانی ژنانی جەهەپەی ڕەحا سەردانی ئێشکگری ئەو دایکەیان کرد.

 

"تەنها شتێک کە دەخوازرێت دادپەروەرییە"

بنەماڵەی شەنیاشار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان بانگەوازییان لە @valisalihayhan و @bybekirbozdag کرد و بڵاویانکردەوە: "ئەمڕۆ جەژنی قوربانە، لە بارودۆخی ئاساییدا گەورەکان لە ماڵەوە دەمێننەوە و چاوەڕێی منداڵ و نەوەکانیان دەکەن، هێلانەی ئەم دایکە لەلایەن جێگرێک و لایەنگرانی ئاکەپەوە سوتێندرا، ماڵەکەی بوو بە دادگا و ئێستا ئەو شتەی دەیەوێت تەنها دادپەروەرییە!".