نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە جیهانێک دروستبکەین توشبووانی ئۆتیزم مافیان پارێزراوبێت

نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیری ئەو کەسانە دەکات کە توشبووی ئۆتیزمن، یاخود هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی مافی توشبووانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت.

ناوەندی هەواڵ

 

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، دەربارەی نەخۆشانی ئۆتیزم جەختی لەوەکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە کەسانی توشبووی ئۆتیزم دەکات، بۆ ئەوەی مافە سەرەتاییەکانیان لە کۆمەڵگادا بەدەستبهێنن، هەروەها پشتیوانی ئەو کەسانەش دەکات کە پشتیوانی کەسانی ئۆتیزم دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەدا، زۆر کەس هەن بە هۆی ئۆتیزمەوە لە گۆشەگیریدا دەژین، کە تەنانەت لە ماڵەکانیشیاندا دووچاری جیاکاری و جیاوازی دەبنەوە، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خەڵکی لە ماڵەوە هێشتەوە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کرد، وتیشی: "پێویستە کار بکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پارێزراوە لە کۆمەڵگادا بە تایبەت کەسانی توشبووی ئۆتیزم".

 

ڕوونیشیکردەوە چارەسەری بنەڕەتی دامەزراندنی سیستمێکە زیاتر لەسەر بنەمای کۆمەڵگا و تایبەت بە پشتیوانیکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کار بکات، بە تایبەت لە سیستمی پەروەردەیی و پڕۆگرامی ڕاهێنانی گشتگیردا.

 

لە کۆتایدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئۆتیزمەوە دەڵێت: "با هەموومان پابەند بین بە پاراستنی مافی تاک لە کۆمەڵگادا، هەروەها هەوڵبدەین بۆ دروستکردنی جیهانێک کە تیایدا دادپەروەری باڵادەست بێت".

 

ت.پ