بە دانانی چەپکە گوڵ ساڵیادی ڤیان جاف بەرز ڕاگیرا
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ڕێوڕەسمێکیان بۆ ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی لەیلا والی حسێن ناسراو بە ڤیان جاف، لە گردی سەیوان ساز کرد.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی لەیلا والی حسێن ناسراو بە "ڤیان جاف" بەرز ڕاگرت و گوڵیان لەسەر مەزارەکەی دانا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی ڤیان جاف و تەواوی پاکڕەوانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد، پاشان ڕوناک مەجید، ئەندامی ڕژاک لەسەر ناوی ڕێکخراوەکە وتاری پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوەدا، "شەهید ڤیان جاف، بە ئاگری جەستەی، خۆی کردە ڕوناک کەرەوەی خەباتی ڕێگای تێکۆشان و خەباتی ژنان، شەهید لەیلا والی حسێن، لە دایکبووی ناوچەی قەرەداغە، کە ناوچەیەکی پڕ لە ئەنفال و پڕ لە شەهیدە، شەهید ڤیان هەر ئەوکاتە درکی بەوە کرد کە گەلەکەی و بە تایبەت ژنان چەندیان ستەم لێ دەکرێت، لە ئەنجامی بیرکردنەوەیەکی قوڵی بۆ ئازادی گەلەکەی و ئازادی ژنان ڤیان جاف ڕێگای ئازادی هەڵدەبژێرێت".
هەروەها باسی لەوەکرد، "لەو کاتەی شەهید ڤیان ناتوانێت هەشتەمین گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان قبوڵ بکات، لە مانگێکی سارددا جەستەی خۆی دەکاتە ڕوناکی بۆ پیشاندانی ڕوناکی بۆ گەلانی باشووری کوردستان تا لەسەر ڕێگایی حەقیقەت بڕۆن، ئاگری جەستەی شەهید ڤیان بووە ڕاستییەک بۆ ئازادی گەلەکەی و ئازادی ژنان.
ڕوناک مەجید وتیشی: ژنانی باشووری کوردستان لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابورییەی لە ئیستادا هەیە، لە بێچارەییدا ڕۆژانە خۆیان دەسوتێنن، بەڵام شەهید ڤیان بە پێچەوانەوە ئامانجی ئەوە بوو لە ڕێگەی سووتاندنی جەستەیەوە ژیانێک بۆ ژنانی گەلەکەی دەستەبەر بکات.
ڕێوڕەسمەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و دانانی گوڵ لەسەر مەزاری ڤیان جاف کۆتایی هات.