فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان: داوای لێپرسینەوە دەکەین

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان-IFJ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم دەشتان ئیدانە کرد و داوای لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە بەرپرسن لە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جەنگییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنتۆنی بێلانگەر، سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان- IFJلە بارەی بە ئامانجگرتنهی هەردوو ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم دەشتان، لە ١٩ی کانوونی یەکەمدا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە، ڕایگەیاند، "هاوکارەکانمان چاودێری دۆخی باکووری سووریایان دەکرد. ئەم دوو هاوڕێیەی ئێمە، لەکاتی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانییان، بە مەبەست لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە کرانە ئامانج. ئێمە هێرشەکەی دژی هاوڕێکانمان ئیدانە دەکەین و داوای لێپرسینەوە دەکەین”.

 

فیدراسیۆنەکە هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی نازم داشتان و جیهان بیلگین دەربڕی، هەروەها داوای لە ئیدارەی سیاسی نوێی سووریا کرد، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بەم تاوانانە بکاتەوە و تاوانباران شەرمەزار بکات،

 

هەروەها ڕێکخراوی ڕۆژنامەگەری دیسک/DİSK Basın-İş لە تورکیا، کە سەر بە فیدراسیۆنەکەیە، ڕایگەیاند، "قبوڵ ناکرێت ڕۆژنامەنووسانی ناوچە جەنگییەکان بکەنە ئامانج، کە ڕاستییەکان بۆ خەڵک ڕادەگەیەنن، ئێمە هێرشەکان دژی ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین. ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جەنگییەکان لە فەلەستین و سووریا، پێویستە دادگایی بکرێن".