پەچەی ڕەش لە ئیدلب؛ پێشێلکردنی ئازادی جلوبەرگ یان پراکتیزەیەکی کولتووری؟

سەپاندنی عەبا و پەچەی ڕەش نەک تەنها بەسەر ژناندا، بەڵکو بەسەر منداڵانی ١٠ ساڵیشدا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی جلوبەرگە لە ئیدلب، کە لایەن هێزی تەحریر شامەوە دەسەپێندرێت.

هەلا ئەحمەد

 

ئیدلب- عەبا و پەچەی ڕەش پارچەیەکە لە جلوبەرگ کە هەموو جەستە و ڕوخسار دەگرێتەوە تەنها چاوەکان دیارن، پەیوەستە بە کۆمەڵگە کۆنەپەرستەکانی سروشتێکی ئیسلامی لە ئیدلب، ئەو جلوبەرگە لە ژیانی ڕۆژانەدا پێش قەیرانی سووریا وەک ئێستا بوونی نەبوو، چونکە هەمەجۆریی لە جلوبەرگی ژناندا زیاتر بڵاوبووەوە و تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە هەڵبژاردنی کەسی یان داب و نەریتی خێزانییەوە هەبوو.

 

هەرچەند حاڵەتی ناڕازیبوون لە ناو ژناندا زۆر بوو، بەڵام لە ترسی لێپرسینەوە لە لایەن بازگەکانی تەحریر شامەوە، بە زۆر لەلایەن خێزانەکەیانەوە، جا باوک، هاوژین، یان برا، ناچار بوون پەچە بکەن.

 

لەبەر دەستکەوتنی کار ناچارە پەچەو عەبای ڕەش بکات

حوسنیە شاویش، تەمەنی ٢٢ ساڵە و ئاماژەی بەوەکرد، پۆشینی پەچە بێزاری دەکات، وا دەکات هەست بە خنکاندن بکات، هەروەها بینینەکەی تەمومژاوی دەکات، بەڵام ناتوانێت ئەم ڕاستییە بگۆڕێت، کە دوای پشکنینی لە دامەزراوە جیاوازەکان ناچار بووە بیکات.

 

حوسنیە شاویش پێشتر ژنێکی پەچەپۆش نەبووە وەک ئەوەی ئایین و کۆمەڵگاکەی دەیخوازێت، بەڵام کاتێک داوای کارێکی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شەریعەت کردووە، پەچەو عەبای ڕەش یەکێک بوو لە مەرجە سەرەتاییەکانی بۆ وەرگرتنی دامەزراندن، بۆیە بڕیاریدا لەبەری بکات بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بەدەستبهێنێت لەبەر ڕۆشنایی هەژاری و نەبوونی هەلی کار.

 

"هەڵبژاردەیەکی ئایینی نییە بەڵکو سنووردارکردنێکە بەسەرمدا سەپێندراوە"

مەها سەحسوح تەمەنی ١٤ ساڵ باسی لەوەکرد، بەبێ پۆشینی پپەچە ناتوانێت لە ماڵەوە دەربچێت، هەروەها ناتوانێت بە ئازادی جلوبەرگەکانی هەڵبژێرێت، بەردەوام ترسی هەیە لە هەراسانکردن یان سزادانی لەلایەن چەتەکانەوە، وتیشی: ناتوانم لە ماڵەوە دەربچم، پەچەو عەبای ڕەش بۆ من هەڵبژاردەیەکی ئایینی نییە بەڵکو سنووردارکردنێکە بەسەرمدا سەپێندراوە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکانیدا ڕایگەیاندووە، ژنان لە ئیدلب بەدەست سنووردارکردنی توندی ئازادییانەوە دەناڵێنن، نەک تەنها لە پۆشینی جلوبەرگ بەڵکو لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەو پێیەی سەپاندنی عەبا و پەچەی ڕەش بەشێکە لە سیستمێکی یەکگرتوو کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ژنان بە بیانووی ئایین و نەریت دەدات.

 

لە کۆتاییدا، پرسی عەبا و پەچەی ڕەش لە ئیدلب وەک هێمای ململانێی قووڵتری نێوان مافی تاک و سەپاندنی نەریتەکان بە زۆرەملێ دەمێنێتەوە، ژنان هیچ بژاردەیەکی ڕاستەقینەیان نییە لە نێوان پابەندبوون یان ڕەتکردنەوە، چونکە فشاری کۆمەڵایەتی و یاسا توندەکان وا دەکات ئازادی جلوبەرگ بەدەستنەهێندرێت.