خولێکی پیشەیی بۆ ٢١ لە دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان بەڕێوەچوو

ڕێکخراوی چەتر بە هەوکاری سەنتەری کار بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ چوارەم خولی فێربوونی بڕین و دوورمانی کردەوە و تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ ژن بەشداریان لە خولەکاندا کردووە.

کۆیە

 

لە هۆڵی سەنتەری کار و لە مەراسیمێکدا، ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری سەنتەری کار کۆتاییان بە خولێکی بڕین و دروومان بۆ ٢١ خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان هێنا و بڕوانامەی بەشداریکردن و هەر بەشداربوویەکیش ئامێرێکی دروومانی پێبەخشرا.

 

نەوا فوئاد، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و یەکێکە لە بەشداربووانی خولی بڕین و دوورمان، بۆ نۆژنها وتی: من زۆر خۆشحاڵم کە بەشداریم لەم خولە کردووە و زۆر خولێکی باشە بۆ ژنان کە وەک پیشە و وەک دەستمایە بۆ خۆیان دەتوانن سودی لێببینن.

 

وتیشی: ئەوەی گرنگە لەم خولانەدا، ئەوەیە ژنان دەتوانن بکەونە سەر کارێکی تایبەت بە خۆیان.

 

نەوا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو بەشی شێوەکاری تەواو کردووە و دەتوانێت لە گەڵ کاری دروومان بیگونجێنێ و سودی لێببینێت.

 

شنیار ئەحمەد فێرخوازێکی دیکەیە و بەهۆی دانەمەزراندنەوە دەستی کردووە بە فێربوونی خولی دروومان و وتی: دەرچووی زانکۆی کۆیە بەشی زمانی ئینگلیزیم، جگە لە بڕوانامەکەم حەزم کرد پیشەکی دیکە فێرببم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانم لەو ڕێیەوە داهاتێک بۆ خۆم بەدەست بهێنم، بە تایبەت کە ئێستا دامەزراندن نییە.