کەرکوک، ژنێک کە وترا بە ‌هەڵە کوژراوە ئاشکرابوو هاوژینەکەی کوشتوویەتی

دوای هەفتەیەک لە کوشتنی ژنێک لە شاری کەرکوک، کە وترا بە‌ هەڵە بە دەستی منداڵەکەی کوژراوە، دەرکەوت بە دەستی هاوژینەکەی تەقەی لێکراوە، نەک منداڵەکەی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک ژنێک دوای برینداربوونی بە گولـلە گیانی لەدەستدا و وترا کە منداڵە ٧ ساڵانەکەی لەکاتی یاریکردن بە دەمانچەکەی باوکی، گولـلەیەکی ناوە بە دایکیەوە.

 

دوای هەفتەیەک لە ڕووداوەکە، بەپێی وتەی پۆلیسی کەرکوک بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە کراوە، دادوەر بڕوای بە کەیسەکە نەبوو و داوای زانیاری زیاتری کرد، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا و هاوژینی ژنەکە وەکو گومانلێکراو دەستگیرکرا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە و تاوانەکەشی خستووەتە سەر منداڵە تەمەن ٧ ساڵانەکەی.

 

 

ژنەکە ناوی "ر، م، ح" دوای مانەوەی هەفتەیەک لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.