سی پی جەی: لە هەرێمی کوردستان چوار ڕۆژنامەنووس لە زینداندان

سی پی جەی ئاماری فشار و دەستگیرکردنی سەر ڕۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە و هەرێمی کوردستانیش لەناو ڕیزبەندییەکەیدایە، کە ئاماژەی بە چوار ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان-سی پی جەی ڕاپۆرتێکی لە بارەی پێشێلکارییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و لە ڕیزبەندێکدا ئاماژەی بەو وڵاتانە کرد، کە زۆرترین دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی تیادا تۆمار کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو ١ی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو ٣٢٠ هەزار ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە لە زینداندا بوون، ژمارەی ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراویش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کەمی کردووە.

 

بەپێی ڕیزبەندییەکە، ئیسرائیل لە ڕیزبەندی شەشەمدایە بۆ زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان و هاوتای وڵاتی ئێرانە و دوای ئەوانیش هەریەک لە وڵاتانی چین، میانمار، بێلاروسیا، ڕوسیا و ڤێتنام دێت،

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست میسر خراپترین وڵاتە بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ھاوشێوەی تورکیا، پلەی ھەشتەمی لە جیھاندا گرتووە بە دەستگیرکردنی ١٣ ڕۆژنامەنووس و سعودیە لە ریزبەندی نۆیەمدایە بە دەستگیرکردنی ١٠ ڕۆژنامەنووس، لە بەحرەین و سوریا پێنج ڕۆژنامەنووس لە زیندانن، لە مەغریب و جەزائیر هیچ حاڵەتێکی نوێی زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان تۆمار نەکراوە و لە هەرێمی کوردستانیش چوار ڕۆژنامەنووس لە زیندانن، کە یەک حاڵەتیان نوێیە.

 

جێی ئاماژەیە لە ئێستادا هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری بە تۆمەتی جیاجیا لە زینداندان و ماوەی نزیکەی سێ مانگیشە سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە.

 

توێژینەوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان-سی پی جەی ئەوەشی دەرخستووە کە زیاتر لە ٪٦٥ (٢٠٩)ی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی ناو سەرژمێرییەکە بە تۆمەتەکانی دژ دەوڵەتی وەک هەواڵی هەڵە و تیرۆر زیندانیکراون وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی ڕووماڵە ڕەخنەئامێزەکانیان، ٦٦ ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراویش هیچ تۆمەتێکیان پێ نەگوتراوە کە پێی دەستگیرکراون، ڕۆژنامەنووسان زۆرجار ڕووبەڕووی دۆخێکی دڕندەیی بێوێنە دەبنەوە، زۆرجار پرۆسەی یاسایی دەشێوێنن، چونکە دەسەڵاتداران لە قۆناغی پێش تۆمەتبارکردن و پێش دادگاییکردن، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان درێژ دەکەنەوە، پارێزەرانی ڕۆژنامەنووسانیش ڕووبەڕووی تۆڵە سەندنەوە و هەڕەشە دەبنەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

 

سی پی جەی ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە کۆی ١٧ ڕۆژنامەنووس کە لە ئێران زیندانیکراون، هەشتیان ژن بوون، لەوانە، نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی کە یەکەمین ڕۆژنامەنووس بوون لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢دا هەواڵیان لەسەر مردنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، ئەوان بە تۆمەتی دژە دەوڵەت کە پەیوەندییان بە ڕووماڵ و ڕاپۆرتەکانیانەوە هەیە، سزای ١٣ و ١٢ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە. ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤یش هەردوو ڕۆژنامەنووس بە کەفالەت ئازاد کران.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، بوونی ١٣ ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بەو ٤٠ ڕۆژنامەنووسەی کە لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٢ی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا تۆمارکرابوون، بەڵام ژنە ڕۆژنامەنووس هاتیجە دوومان، تاکە ڕۆژنامەنووسی ژنە لە جیهاندا کە درێژترین ماوە لە زینداندا مابێتەوە و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، هێشتا لە زینداندایە و پرۆسەی دووبارە دادگاییکردنەوەشی لە ساڵی ٢٠٢٣دا هیچ گۆڕانکارییەکی لە کەیسەکەیدا دروست نەکرد،. هەروەها زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئازادکراو  هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدان، واتە دەبێت پۆلیس لە جموجووڵەکانیان ئاگاداربکەنەوە و ڕەنگە گەشتی دەرەوەی وڵاتیشیان لێ قەدەغە بکرێت.