لە دوو گوندی سنوری پێنجوێن ئاگر کەوتەوە

بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە سنوری دوو گوندی پێنجوێن ٨٠ دۆنم لە پووش و پاوان و دار و باخى هاوڵاتیان سووتا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاوی کردەوە دوو ئاگرى فراوان لە گوندەکانى کانی هەرمێ و تەیمەز لە سنوورى شارەدێى گەرمک لە شارۆچکەى پێنجوێنـی سەر بە پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە.

 

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە ٨٠ دۆنم لە پووش و پاوان و دار و باخى هاوڵاتیان لە ناوچەکەدا سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتى ناوچەکە گەشتووە.

 

جێی ئاماژەیە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە جیهاندا کردووە و ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکان و دەشتەکان زیانی بە ژینگە و ژیان گەیاندووە، لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت هاوینی ئەمساڵ-٢٠٢٣ ئاگر کەوتنەوەکان زیادیان کردووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە چەند کەسێک بە تۆمەتى ئاگربەردانی بە ئەنقەست دەستگیر کراون.