"دایکە ئوەیش وەکو دایکانی کۆمەڵگەی سروشتی بوو بەڕۆشنایی بۆ کۆمەڵگە"

ڕژاک لە بەیاننامەیەکدا بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی دایکە ئوەیش ئۆجالان دەڵێت: لە کەسایەتی دایکە ئوەیشدا ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشانی ژنانی زیندوو کردەوە و ڕێگای ئازادی پێشانی ژنانی کورد دا کە هەزاران ژن ڕوویان لەتێکۆشان کرد بۆ ئازادی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١١ی نیسانی ١٩٩٣دا دایکە ئوەیش ئۆجالان، دایکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کۆچیی دواییکرد، بەو بۆنەیەوە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەکەیەدا، سوپاسگوزارییان بۆ ئەو دایکە دەربڕی کە توانیویەتی ڕۆڵەیەکی وەک ڕێبەری گەلی کورد ببەخشێتە مرۆڤایەتی.

 

درێژەی بەیاننامەکەی ڕژاک بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی دایکە ئوەیش ئۆجالان:

سوپاس گوزارین بۆ دایکێک کە ڕۆڵەیەکی وەکو ڕێزدار ئۆجەلانی بەخشی بە مرۆڤایەتی، ژنێک پڕ لە هێز و میراتی مێ خواوەندەکانی قۆناخی نۆلیتیک، بیرمەندێکی بەخشی بە گەلی کورد وتوانی شۆڕش بەرپا بکات بەرامبەر بەتوانەوەو قڕکردنی کەلی کورد، لە کەسایەتی دایکە ئوەیشدا تێکۆشانی ژنانی زیندوو کردەوە و ڕێگای ئازادی پێشانی ژنانی کورددا کە هەزاران ژن ڕوویان لە تێکۆشان کرد بۆ ئازادی، هێز و پێداگری دایکە ئوەیش وایکرد هێزی ژن بناسێت.

 

دایکە ئوەیش یەکەم خوێندنگا بوو بۆ ڕێبەرێک کە ئەمڕۆ شانازیە بۆ گەلانی جیهان

 بە پارادیگما نوێیەکەی پێشانی داین کە پێویستە ژنان پێشەنگ بن لەپێناو ڕزگاری خاک و نیشتیمان و ئازادی ژنان، مێژووی ژنی بە ژن ناساند و ڕەنج و داهێنان و بەهاکانی ژنی ئاشکراکرد، شێوە و شیکارێکی فەلسەفی و مێژوویی پێبەخشی، ئەیەوێت ژن بگەڕێتەوە بۆ ڕاستی و جەوهەر و هەبوونی خۆی، چونکە یەکەم کەس ژن بوو کرا بەکۆیلە، لەبەرئەوەش دەبێت ژن ئازادبێت تا کۆمەڵگەش ئازاد بێت.

 

ڕێزدار ئۆجەلان کاتێک دەڵێت "شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە"، هەر لەخۆڕا نیە، لە کەسایەتی ژندا تەواوی کۆمەڵگە قڕدەکرێت، خاک داگیردەکرێت، چونکە ژن و خاک یەک ڕەگەزن و کاتێک خاک داگیردەکرێت یەکەمجار دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژن و قوربانی سەرەکیە لە جەنگەکاندا لە هەرکوێی ئەم جیهانە بێت.

 

تێگەشتن لە میراتی ژن، ئازادیە

لەبەرئەوە پێویستە ئێمەی ژنان ئەو ڕاستیە ببینین و بزانین هۆشیاری ژن و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی لەپێش هەموو ئەرکەکان و پێداویستیەکانە، دەبینین ڕۆژانە لەم هەرێمەدا ژن قڕدەکرێت و بکوژانی ژنان سزانادرێن، چونکە ژن وەکو کاڵا و موڵک تەماشادەکرێت و دەخرێنە خزمەت سیستەمی دەستەڵاتخوازیەوە، دەکرێنە کاڵا بەرامبەر تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ژنان، ناسینی مێژووی شاراوەی ژن و خاوەنداری کردن لێی ئەتوانێ ڕێگای ئازادیمان ڕۆشنتربکاتەوە، تێگەشتن لە میراتی ژن ئازادیە.

 

سەری ڕێزمان نەوی دەکەین لە ئاست دایکە ئوەیش و هەموو دایکانی شەهیدان و ژنانی تێکوشەر و گیانبەختکردووان، یادی کۆچی دایکە ئوەیش بەرز ڕادەگرین، گیانی شاد و ئارام بێت.

 

ت.پ