"بەردەوام دەبین لە بایکۆت و سبەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین"

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێمی کوردستانی دایەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بایکۆت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە نوسراوێکدا ڕایگەیاند، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراویش بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەکرێن بەگرێبەست.

 

هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و ڕایانگەیاند، لە ئێستادا خەباتی مەدەنیی مامۆستایان و فەرمانبەران هەنگاوی گرنگی بڕیوە، ئەمەش پەیوەندی بە هەوڵ و هەڵوێستی پێکەوەیی هەموومانەوە هەبووە لە بەردەوامیی بایکۆت و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان، هەر بۆیە لە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی خوێندن و مانەوەی دەرگای خوێندنگاکان بە داخراوی، ئێمە لە بەرواری ٢٢ی١٢ی٢٠٢٣ لە ڕێگەی نوێنەرانمانەوە یاداشتی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانمان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار و تائکیدمان لە داخوازیەکانمان کردەوە کە هەمان ئەو داخوازیانەن لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا ڕاگەیانراون.

 

ئەنجومەنەکە لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکانی خۆیان خستەڕوو، بەم شێوەیە؛

١-مەرجدارکردنی جێبەجێکردنی داخوازیەکانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنیان و ناتوانین باوەڕ بەوە بکەین کە ئەم حکومەتە نیەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەیە، چونکە داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر زیاترە لەو بڕەی کە بۆ داخوازیەکانمان پێویستە و دەبوو حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێکردنی داخوازیەکانی بدایە.

٢-لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەڵێن و بڕیاردراوە بۆ جێبەجێکردنی داخوازیەکان، بەڵام بەداخەوە تەنها مەبەست لەو بەڵێن و بڕیارانە شکاندنی بایکۆت بووە و لە دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن هەموو بەڵێن و بڕیارەکان وەك داخوازیەکانمان پەراوێز خراون و حکومەت بەرپرسیارانە مامەڵەی نەکردووە، هەربۆیە ناچاربووین بایکۆت ڕابگەیەنین و خۆپیشاندانەکان دەست پێ بکەینەوە، بۆیە دەمانەوێت قەیرانەکان لێرەدا کۆتاییان بێت و چارەسەری ڕێشەییان بۆ بکرێت تا ناچار نەبین جارێکی تر بایکۆت و خۆپیشاندان ئەنجام بدەینەوە.

 

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، کە سبەی دوو شەممە، خۆپیشاندانی فراوان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ئەنجام دەدەن و درێژە بە بایکۆت و خەباتی مەدەنیی دەدەن، تا ئەو کاتەی حکومەت بەرپرسانە مامەڵە دەکات، جەختیشیان کردەوە، "تاکە رێگەش بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی تەندروست بەدەمەوە هاتنی داخوازیەکانمانە".