پلاستیک نزیکەی ٤٥٠ ساڵی پێویستە تا شی دەبێتەوە

لە شاری هەولێر کۆنفرانسێک بە ئامانجی بەکارنەهێنانی زەرفی نایلۆن و پلاستیک بەڕێوەچوو، ئامانج لێی رێگریکردنە لە بەکارهێنانی پلاستیک و نایلپن بۆ چەندان ساڵ لە سروشتدا دەمێننەوە و زیانی گەورە بەر ژینگە دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٤ی نیسان لە ئوتێل ڕۆتانا لە شاری هەولێر، کۆنفرانسێک بە ئامانجی بەکارنەهێنانی زەرفی نایلۆن و پلاستیک لە نانەواخانەکاندا لەلایەن ڕێکخراوی ئیکۆڤیتاڵ-Eco-Vital، ڕێکخراوێکی بواری ژینگەییە ڕێکخرا، کە ئامانجییانە بە هاوکاریی حکومەت و ڕێکخراوی(UN) و ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی، لە شاری هەولێر کار بکرێت بۆ بەکارنەهێنانی زەرفی نایلۆنی لەلایەن خاوەن نانەواخەنەکاندا و لەجیاتی ئەوە زەرفی کاغەز بەکاربهێنن.

 

ڕێکخراوی ئیکۆڤیتاڵ، کە لە بواری ژینگەدا کاردەکات، کاریان لەسەر ٥٠٠ نانەواخانە و سەمونخانە کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە لە خراپی بەکارهێنانی زەرفی نایلۆن، بەپێی ئەوەی لە کۆنفرانسەکەشدا باسکرا، پلاستیک نزیکەی ٤٥٠ ساڵ و نایلۆن ٢٠ ساڵی پێویستە تا شی دەبنەوە و ئەمەش زیانی گەورەی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و ژیان هەیە، هەروەها زیان بە ئاژەڵەکان دەگەیەنێت و سەرچاوە ئاوەییەکانیش پیس دەبێت بەهۆیەوە.

 

ت.پ