سوپای عێراق کردنەوەی ١٠ بارەگای نوێی لە شەنگال و دیواربەندی دەستپێکردووە

سوپای عێراق لە شەنگال دەستیکردووە بە دیواربەندی کۆنکرێتی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات ١٠ بارەگای نوێی لە شەنگال کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی عێراق درێژە بە ڕێکەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان تورکیا-عێراق-پەدەکە دەدات و هەرجارە و بە پلانێک هێرش و فشار دەکاتە سەر شەنگال، لە بەرامبەر ئەوانەشدا گەلی شەنگال بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە بێدەنگییان هەڵنەبژاردووە و چالاکی دژی پلانگێڕییەکان بەڕێوەدەبەن.

 

ماوەیەک بەر لە ئێستا بە دانانی سنور لە نێوان گوندەکانی پێکهاتەی عەرەب و کورد، کۆمەڵگەی ئێزدی لە یەکتر داببڕێت، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی گەلەوە سەرکەوتوو نەبوو، ئەمجارە حکومەتی عێراق دەخوازێت ڕێگەی سنوری نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان دابخات و دەستی بە دانانی دیواربەندی کۆنکرێتی کردووە.

 

سنورەکە دیواربەندی کۆنکرێتی دەکرێت

تەلبەندکردنی سنوری نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان تەنها هێڵی سنور ناگرێتەوە، بەڵکو بەپێی پلانەکەی سوپای عێراق تەلبەندەکە ٥ کیلۆمەتر لە دووری سنورەکەوە دادەنرێت، بڕیاریشە لە سنووری گوندی مەدیبانەوە تا سنووری بیرقاسمی سەر بە سنوونێ تەلبەند بکرێت.

 

دیواربەندی کۆنکرێتی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بە درێژی ٢٥٠ کیلۆمەتر و بە بەرزی ٣ مەتر و ٧٥ سانتیمەتر دەستیپێکردووە کە لیوای ١٨ی پاسەوانی سنوری سوپای عێراق دروستیدەکات.

 

هەروەها بە پێی زانیارییەکان سوپای عێراق لە ناوچە سنورییە عەرەب نشینەکان نزیکەی ١٠ بارەگای کردووەتەوە و جموجوڵەکانی بەردەوامی پێدەدات.

 

ت.پ