ژنانی سوەیدا: ئێمە دەستوورێکمان دەوێت کە ژنانی تێدابێت

لە سووریا لەم دواییانەدا ژنان چەندین کۆنفرانسیان ئەنجامداوە بۆ بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی ٪٥٠، ژنانی سوەیداش ڕایانگەیاند، کە حکومەتی تازە پێکهێنراو نابێت هیچ هەڵەیەک بکات.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- ژنانی سوەیدا ڕایانگەیاند کە لە کۆنفرانسەکانی ڕابردوودا جەختکراوەتەوە، نابێت حکومەتی تازە پێکهێنراو هەمان هەڵەی ڕابردوو بکاتەوە، چونکە ژنان لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لە خەباتێکی سەختدا بوون و بەرەنگاری هەموو جۆرە ستەمێک بوونەتەوە.

 

"پێویستە پشکی ٪٥٠ بدرێتە ژنان"

غادە شەعرانی یەکێکە لە چالاکوانانی سیاسی لە سوەیدا، ئاماژەی بەوەدا کە خەباتی ژنان بۆ داهاتووی سووریایەکی دیموکراسی پێویستە و ژنانیش پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکەن، تیشکی خستەسەر کۆنفرانسی ٨ی کانوونی دووەم سەبارەت بە دۆخی ژنان و وتی: کۆنفرانسەکە سەرکەوتوو بوو، کۆبوونەوەی زۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەشدا ڕامانگەیاند کە پێویستە لە دەستووردا لانیکەم لەسەدا ٥٠ی پشکی ژنان هەبێت، ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ژنان ساڵانێکە دژی ڕەتکردنەوەی مافەکانیان شەڕ دەکەن، ژنانیش دەبێت ئامادە بن بۆ هەر گۆڕانکارییەک و سوور بن لەسەر جێبەجێکردنی ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان لە سووریای نوێدا.

 

"نابێت جیاوازی لە دەستوورە نوێیەکانی سووریادا بکرێت"

بەسما ئەقبانی، چالاکوانی سیاسی، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان پێویستیان بە دەستوورێکی نوێ هەیە و دەڵێت: نابێت لە دەستووری نوێی سووریادا هیچ جیاکارییەک هەبێت و پێویستە ژنان لە هەموو بڕیارێکی سیاسیدا جێگەی خۆیان هەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا کە ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا پشکی ٪٥٠یان هەبێت. ئەو یاسایانەی کە جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا دەکەن، دەبێت بگۆڕدرێن، ئەم دەستوورە پێویستە خزمەتی ژنان بکات.

 

"ژن پێویستە جێگەی خۆی لە حوکمڕانی وڵاتدا بگرێتەوە"

نیسان بابلی، ئەندامی بزووتنەوەی فێمینیست، تیشکی خستە سەر بابەتەکانی کۆنفرانسەکە و وتی: هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا جێگەی خۆیان هەبێت و بڕیار بدەن. کاتێک ڕژێمی بەعس ڕووخا، ڕامانگەیاند کە ژنان پێویستە لە ئیدارەی وڵاتدا جێگەی خۆیان بگرنەوە و پشکی ژنان لە ٪٣٠ کەمتر نەبێت. ئامادەکردنی دەستوور زۆر گرنگە. چونکە بەبێ بەشداری ژنان ئەم دەستوورە هیچ مانایەکی نییە، کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیمان لە پێشە و دەمانەوێت ژنان جێگەی خۆیان بگرن لە کۆنفرانسەکەدا.