پێش دانیشتنی دووەمی دۆسیەی نارین گوران، ژنان لێدوانیان دا

لە ئامەد، پێش دانیشتنی دووەمی دۆسیەی کوشتنی نارین گوران، ئەندامانی تۆڕی دژە توندوتیژی لێدوانێکیان دا و ڕایانگەیاند، تا کۆتایی دۆسیەی نارین و ڕۆژین و هەموو ژن و منداڵە کوژراوەکان بەدواداچوون دەکەن.

ئامەد

 

دانیشتنی دووەمی دۆسیەی کوشتنی ئەو منداڵە بەناوی نارین گورانی تەمەن ٨ ساڵ، کە لە ٢١ی ئاب لە گوندی چولی سەر بە ڕێزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو و لە ٨ی ئەیلوول تەرمەکەی دۆزرایەوە، بەڕێوەدەچێت، پێش دانیشتنی دادگا، ئەندامانی تۆڕی دژە توندوتیژیی ئامەد لەبەردەم دادگا لێدوانێکیان دا، هەروەها نوێنەری زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و منداڵانیش بەشدار بوون.

 

بەرفین پۆلات، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە ٢١ی ئابدا نارین بە هاوکارییەکی پیس ون بوو، دوای ١٩ ڕۆژ تەرمی نارین دۆزرایەوە، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی داوای دادپەروەری بکەین.

 

تاوان سیستماتیکە

دوای قسەکانی بەرفین پۆلات، مەرڤە قەرەداش لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی داو سەرەتا ڕۆژین کابایشی بەبیرهێنایەوە کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا و وتی: ئێمە بەدواداچوون بۆ کەیسی ڕۆژین و نارین دەکەین. ئەم کوشتنە تاکەکەسی نییە، سیستماتیکە.

 

مەرڤە قەرەداش ڕایگەیاند کە ئەوان تەنها بە پشتیوانی و خەبات دەتوانن گۆڕانکاری ئەنجام بدەن و وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەین پشتیوانیمان بکەن و دەنگمان بەرز بکەنەوە و پشتیوانی لە خەبات بۆ دادپەروەری بکەن.

 

 پاشان بەشداری دانیشتنی دووەمی دۆسیەکە بوون.