پۆلیسی سلێمانی: لەسەر دۆسیەی كوشتنی كچێک دوو تۆمەتبار دەستگیركران
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كچێک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای کوشتنی کچێک لە گەڕەکی ئازادی و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، بە بڕیاری دادوەر، دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوت کچە کوژراوەکە خزمی تۆمەتبارەکانە و بە سەردان چووەتە ماڵی تۆمەتباران، بەڵام دواتر بەندیان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە تا گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (م، أ، ک) لەدایكبووی ١٩٨٩ و (أ، ح، ع) لەدایکبووی١٩٨٧، کە عەرەبن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێكۆڵنەوەكان بەردەوامە.