نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لە ئێران پەسەند کرد

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دەرکرد کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پەسەند دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

١٧ی کانوونی دووەم، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٨٠ دەنگی بەڵێ، ٧٢مین بڕیارنامەی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند کرد.

 

لیژنەی سێیەمی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٠ی تشرینی دووەم، ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیەی بە ٧٧ دەنگی بەڵێ و ٢٨ دەنگی نەخێر و ٦٦ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد و ئێستاش ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوەکەوە بە ٨٠ دەنگی بەڵێ، ٢٧ دەنگی نەخێر و ٦٨ وڵاتی بێلایەن پەسەند کرا.

 

لەم بڕیارنامەیەدا سەبارەت بە زیادبوونی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا هۆشداری دراوە و ئەم کارە نامرۆڤانەیە بەرامبەر بە ژنان، گەلان و ئایینە جیاوازەکان بە توندی ڕەخنەی لێ گیراوە.

 

هەروەها ئەم بڕیارنامەیە نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی زیندانەکانی ئێران دەربڕی و جگە لە ئیدانەکردنی کردەوەی توندوتیژی دژی زیندانیان؛ لەوانە قەدەغەکردنی مافی چارەسەرکردن و سەردانیکردن، کەڵک وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان، سەرکوتکردن، هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی ژنان، نەتەوەکان و ئایینەکانی بە توندی ئیدانە کردووە.

 

جگە لەم بڕیارنامەیە، جێبەجێکردنی یاسای جیاکاری دژی ژنان و زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و داوا لە ڕژیمی  ئێران کراوە کە ئەو یاسایانە کە دژی ژنان دەرکراون هەموار بکەنەوە.

 

ئەو وڵاتانەی ئەم بڕیارنامەیە پەسەند دەکەن، وێڕای داواکردن لە کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بە کردەوە نامرۆڤەکانی، داوایان لە ڕژێمی ئێران کردووە کە لەگەڵ مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕەخساندنی دەرفەتی گەشتکردن بۆ ئێران هاوکارییان بێت.

 

مای ساتۆ، پەیامنێری مافی مرۆڤی ئێران و هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتر نیگەرانی خۆیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕی و خوازیاری کۆتایی هێنان بە سزای لەسێدارەدان و سزای قورسی زیندانیان هاووڵاتیان بوون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی  ئێران لە دەرکردن و جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان، پێشیلکردنی مافی زیندانیان، سەپاندنی یاسای ساختە لە سەر هاوڵاتیان و هتد بەردەوامە.