یەک لەسەر سێی ژنانی ئەوروپی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
ئەنجامی ڕاپرسییەکی سێ ڕێکخراوی فەرمی لە یەکێتیی ئەورووپا دەریخستووە کە لە هەر ٣ ژنێک یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی ئاماری یەکێتی ئەوروپا (Eurostat) و دەزگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافە بنەڕەتییەکان و پەیمانگای ئەوروپا بۆ یەکسانی جێندەری (EIGE)، ڕاپرسییەکی هاوبەشیان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٤ ئەنجامدا، ڕایانگەیاند کە لە هەر ٣ ژنێک لە یەکێتیی ئەورووپا، یەک ژن لە ماڵەوە ، شوێنی کار و شەقام و شوێنە گشتیەکان تووشی توندوتیژی دەبێت.
بەپێی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، کە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە هەمان کاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ٤٢٪ی ژنانی تەمەنی نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ لە شوێنی کاردا تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون و ئەمەش ڕێژە بەرزترین ڕێژەیە لە نێوان گروپە تەمەنییەکاندا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.
هەروەها لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕاپرسییە دەریانخستووە کە لە هەر چوار ژن تەنها یەکێکیان ڕاپۆرتی توندوتیژی دەدات.
جگە لەوەش، ئەو ڕاپرسیانەی ئەنجام دراون، بەرزترین ئاستی توندوتیژییان ، لەوانە جەستەیی، سێکسی، هەڕەشە و هتد، لە وڵاتی فلاندەرز بە ڕێژەی ٪٥٧ و نزمترین ئاستی توندوتیژی لە بولگاریا بە ٪١٢ ڕاگەیاندووە.
کارلین شیل، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەوروپی بۆ یەکسانی جێندەری جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو ژنێک مافی ئەوەی هەیە سەلامەت بێت لە هەموو شوێنێک" و ڕایگەیاندووە: توندوتیژی دژی ژنان ڕەگ و ڕیشەی لە کۆنترۆڵکردن و باڵادەستی و نایەکسانیدا هەیە. کاتێک ڕوانگەی یەکسانی جێندەری تێکەڵ بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و خزمەتگوزاری و ڕەفتاری دەسەڵاتداران بوو، ئەو کاتە دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە ژنانی زیاتر بێنە پێشەوە و متمانەیان پێبکرێت. چونکە دەزانن ئەو پشتگیرییە بەدەست دەهێنن کە پێویستیانە.
ئەم ئاستە توندوتیژییە لە یەکێتیی ئەورووپادا لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەورووپا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ پەیوەندی بە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵەوە کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی.
جگە لەوەش بەدڵنیاییەوە لەم ماوەیەدا حاڵەتی توندوتیژی زیاتر بووە کە ژنان بە هۆکاری وەک نەبوونی دادپەروەری، ترس لە ڕەتکردنەوە، تۆڵەسەندنەوە و هتد ڕەتیانکردووەتەوە ڕاپۆرتی خۆیان بدەن.