ژنانی سنە سەردانی گۆڕی ژنانی کوژراویان بەدەستی ڕژێمی ئێران کرد

ژنانی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، سەردانی گۆڕی ئەو ژنانەیان کرد کە گیانیان بەختکرد و ئیرادەی خۆیان بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان دووپات کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، چالاکوانانی ژن لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سەردانی گۆڕی ئەو ژنانەیان کرد کە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون.

 

ژنانی بەشداربوو دوای دانانی گوڵ لەسەر گۆڕی ژنان، بە خولەکێک بێدەنگی ڕێزیان لە گیانی هەموو ئەو کەسانە گرت کە لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان و گیانیان بەختکردووە و بە گیانی خۆیان هەوڵی نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک له دژی ژنان داوە.

 

هەروەها ڕاگەیاندرا ئەو چالاکوانانە سەردانی گۆڕی نەسرین و شەهلا کەعبی، دوو خوشکی پەرستاری خەڵکی سەقزیان کردووە، کە لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

 

ژنانی چالاکوان ڕایانگەیاند کە بە توندی ئیدانەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، بە شێوەیەکی سەرەکی توندوتیژی دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، هەروەها جەختیان لە گرنگی و پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژییانە بە هێز و ئیرادەی خۆیان بۆ ژنان کردەوە.

 

هەروەها ئەم ژنە چالاکوانانە جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان هێزێکی کاریگەر و پێشکەوتنخوازن بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی ئایندەیەکی دوور لە توندوتیژی.

 

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمی ''من ژنم'' و ''ژن، ژیان، ئازادی'' کۆتایی هات.