قوربانیانی هێرشی سەر شەهبا: بەرخۆدان دەکەین

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەمدا، ٤ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵە، ژنانی برینداریش دەڵێن: بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان.

ڕاپەڕین بەکر

 

شەهبا- لە شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لە شارەدێی تل ڕەفعەتی سەر بە کانتۆنی عەفرین-شەهبا، کە سەدان کۆچبەری عەفرین و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەی تیادا دەژی، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کۆمەڵکوژییەک لە تل ڕەفعەت ڕوویدا و ٤ کەس لە نێویاندا منداڵێک و ژنێک گیانیان لەدەستدا و ١٠ کەسیش برینداربوون.

 

"لە هێرشەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنی کرانە ئامانج"

بێریڤان حسێن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەڤرین عەفرین-شەهبا، سەرنجی بۆ هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە ڕاکێشا و وتی: لە دوێنێوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و تۆپبارانەکانی لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەت لە شەهبا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ماڵی خەڵکی مەدەنی و دەیانکاتە ئامانجی خۆیان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا منداڵ و ژن و بەساڵاچووان بریندار بوون و هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا بەشێک لە بریندارەکان سەختن و قاچەکانیان بڕاوەتەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە دەوڵەتی تورکیا هەموو یاساکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان پێشێل دەکات.

 

"پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە"

لە کۆتاییدا بێریڤان حسێن داوای کرد کۆتایی بە هێرشەکانی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمەکە بهێنرێت، چونکە ئەم هێرشانە ژێرخانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە و وتیشی: دەوڵەتی تورکیا ژێرخانی هەرێم دەکاتە ئامانج، لەگەڵ ئەو دامەزراوە تەندروستییانەی کە خزمەت بە خەڵک دەکەن، ئامانجی دەوڵەتی تورکی سەرکوتکردنی ئیرادەی خەڵکە لە ناوچەکەدا، ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژییەکانی ئەنجام بدات، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە".

 

"برینەکەم لە پشتمدایە"

ئەحمەد ڕیفەی بێرامی تەمەن ١٥ ساڵ کە لە تل ڕەفعەت بە دەستی داگیرکەری تورکیا بریندار بوو، ساتەکانی هێرشەکە بەم شێوەیە باس دەکات: "دوێنێ ئێوارە داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر تل ڕەفعەت و ماڵەکەمانی کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکان، من پشتم بریندار بوو، براکەشم بریندار بوو، ئێستا لە نەخۆشخانەم هیوادارین ئەم شەڕە بوەستێنرێت و منداڵەکان نەکوژرێن.

 

"بە هێرشەکانیان موڵک و ماڵی ئێمەیان وێران کرد"

زەینەب محەمەد، یەکێکە لەو کۆچبەرانەی عەفرین کە لە تل ڕەفعەت نیشتەجێ بووە، باسی لە هێرش و دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا کرد بۆ سەریان و وتی: ٧ ساڵ بەسەر کۆچکردن و نیشتەجێبوونمان لە تل ڕەفعەت تێپەڕیوە، ئێوارەی دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر ئێمە و هاوڵاتیانی مەدەنی کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ژن و منداڵانیش بریندار بوون، ئێمە تل ڕەفعەت بەجێناهێڵین تا نەگەڕێینەوە بۆ شوێنی خۆمان لە عەفرین، با ڕۆژانە هێرش بکەنە سەرمان. ئێمە دەستبەرداری بەرخۆدانمان نابین.