بارودۆخی وریشە مورادی بەهۆی مانگرتن لە خواردنەوە ناجێگیرە

باری تەندروستی وریشە مورادی، کە ١٣ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردنی نادیار کردووە، ناجێگیرە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٣ ڕۆژە وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، وەک ناڕەزایەتی دژی سزای لە سێدارەدان و هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، لە زیندانی ئەڤین دەستی بە مانگرتنێکی نادیار لە خواردن کردووە.

 

وریشە مورادی دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنە نادیارەکەی لە زیندانی ئەڤینەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "مەهێڵن شەڕەکانی سنوور بەزاندن سێبەر بەسەر سەرکوتکردنی ناوخۆیی کۆمەڵگەوە دروستبکەن، مانگرتن لە خواردنم بەم ئاڕاستەیە بە هەر نرخێک بێت، بەردەوامی پێدەدەم، ڕێگە نادەین دەنگی سەرهەڵدێرانی ناوخۆ کە ئازایانە ڕاوەستاون، لە ژاوەژاوی شەڕ و سەرگەرمی بێکۆتاییدا ون ببن".

 

لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی: "بەردەوام دەبم لە مانگرتنە نادیارەکەم بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و هەڵوێستی ڕوون و دیار بەرامبەر بە هەڵمەتە جیهانییەکانی دژە لەسێدارەدان کە لەلایەن گروپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەڕێوەدەچێت".

 

ئەم زیندانییە سیاسییە کە بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت، لەوانەش ئازاری جومگە و پشت، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند جارێک بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان گوازراوەتەوە و خولی چارەسەری فیزیۆتێراپی دەستپێکردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتن لە خواردن، پرۆسەی چارەسەری پزیشکییەکەی ڕاگیرا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەتیکردەوە ڕەوانەی چارەسەری فیزیۆتێراپی بکرێت، باس لەوەش دەکرێت، لە ١٣ەمین ڕۆژی مانگرتنیدا باری تەندروستی ناجێگیر بووە.

 

وریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢ هەفتە لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی شارەکە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین لە تاران گوازرایەوە، لەو ماوەیەدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجەی توند بووەتەوە و دوای پێنج مانگ، پڕۆسەی لێپرسینەوەی تەواو بوو، لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین.