ژنانی بەغدا دژی هەموواری یاسای باری کەسێتی خۆپیشاندانیان کرد
ئەمڕۆ لە شاری بەغدا ژنانی چالاکوان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، کە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، خۆپیشاندانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا خۆپیشاندانێكی بەرفراوان دژى هەموواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران، کە پێکهاتبوون لە ژنانی چالاکوان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەوە کردەوە، ئەم هەمووارە مەترسی لەسەر مافەكانی ژنان دروست دەكات و درێژە بە تائیفەگەری لە كۆمەڵگەدا دەدات، هەروەها خۆیشاندەران بە وتنەوەی دروشم جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی مافەكانی ژنانی عێراق و ڕەتكردنەوەی هەر هەوڵێك بۆ تێكدانیان یان كەمكردنەوەی دەسكەوتە یاساییەكان كردەوە.
ئەم ناڕەزایەتییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەك خۆپیشاندانە كە لە شارە جیاجیاكانی عێراق بەڕێوە دەچێت، خۆپیشاندەران داوا دەكەن هەموواركردنی یاساكە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند نەكرێت.
هاوكات، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چالاكوانانی مەدەنی نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەو هەموواركردنەوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە تێپەڕاندنی ئەو هەمووارانە ڕەنگە دەرگای دابەشبوونی تائیفی زیاتر بكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی ژنانی عێراقی دەبێت، هەروەها هەموواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی ئاماژەن بۆ گۆڕانكاری لە هەندێك بڕگەی پەیوەست بە مافەكانی ژنان لە هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا، كە شەپۆلێكی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە بازنەی جەماوەری و سیاسیدا لێكەوتەوە.
جێگای ئاماژەیە، پەرلەمانی عێراق دوو خوێندنەوە بۆ هەموواری یاسای باری كەسێتی کراوە، بەڵام هێشتا دیار نییە كەی كۆتا خوێندەوەی بۆ دەكرێت یان فشارەكان دەتوانێت هەمووارەكە ڕابگڕێت.