کەنەکە: گەل دەنگ بەو بەربژێرانە دەدەن کە دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن

کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگ بەو بەربژێرانە دەدەن، کە دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کورستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگریی لە دەستکەوت و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن".

 

لە بەیاننامەکەی کەنەکەدا هاتووە، هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی باشووری کوردستان لە قۆناغێکی زۆر تایبەتدا بەڕێوەدەچێت، قۆناغێک کە لە ٣٣ ساڵەی تەمەنی ئەو هەرێمە فەرمییە و خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هەرگیز ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ قەیران نەبووە، لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان و گرژییە توندەکەی نێوانیان، قەیرانی ئابووریی و بژێوی خەڵک و بێ دەرامەتیی، کەمی خزمەتگوزاریی و بێکاریی، لە کارکەوتنی پەرلەمان و کەمتەرخەمیی حکومەتی کاربەڕێکەر و قەرزە کەلەکەبووەکانی سەری، نیگەرانیی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، گرتن و دەمکوتکردنی ڕۆژنامەوانان، قەیران و کێشەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەستتێخستنی سەربازیی و ئەمنیی و ئاژاوەگێڕیی دەوڵەتانی هەرێمی لە باشووری کوردستان، ئەمانەو گەلێک پرسی دیکە ئەو خەسڵەتانەن کە باشووری کوردستان و دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی هەرێمیان پێ دەناسرێنەوە.

 

ئاماژەیان بەوەشداوە، دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگریی لە دەستکەوت و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن، هیوای گەورەی ئێمە ئەوەیە لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ئاوا درووست و بەجێدا ئەنجامەکەی قبوڵبکرێت و دواییش حکومەتێکی کارا کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی دەنگدەران و هەموو گەلی کوردستان بێت، دابمەزرێت و دەست بەکارەکانی بکات.

 

لە بەیاننامەکەدا کەنەکە ئەم خاڵانەی خستووەتەڕوو:

١- ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدی نیشتمانپەروەر بدەن کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بپارێزن و خزمەتی خەڵک بکەن.

 

٢- هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک بە شەفافیەت و بێ ساختەکاریی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە دەربکەوێت.

 

٣- پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بانگەشە و پلان و پڕۆژەکانیان بە زمانێکی سیاسیی لە پەیام و پڕوپاگەندەی خۆیاندا بخەنەڕوو، زمانی تاوانباریی و سوکایەتی بەکارنەهێنن، هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت، لە هیچ شوێنێکدا توندوتیژیی بەرامبەر کەس بەکارنەهێنرێت.

 

٤- هەموو لایەنەکان ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتێکی دیموکراسی و دادپەروەر دابمەزرێت.