زەینەب جەلالیان لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەشکراوە

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و لە زیندانی یەزدە، چوار ساڵە ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرت لەسەر دۆخی زیندانی سیاسیی، زەینەب جەلالیانی ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی سنووری "دیم قەشڵاق" سەر بە پارێزگای ماکۆ، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و تا ئێستا ١٧ ساڵ بەسەر سزاکەیدا تێپەڕیوە، بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات هێشتا قەدەغەی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بەردەوامە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زەینەب جەلالیان لە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، ٤ ساڵ لەمەوبەر، تەنیا یەک جار توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

 

پێویستە بگوترێ بەپێی ڕاپۆرتەکانی تۆڕی مافی مرۆڤ، دوای داواکاری زەینەب جەلالیان بۆ دیداری خێزانەکەی، سەرەتای هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی زیندان ئاگاداریان کردەوە کە تا ئێستاش بە فەرمانی وەزارەتی ئیتڵاعات سەردان قەدەغەیە، هەروەها ژمارەیەک کەسوکاریشی کەلە ماکۆوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ زەینەب جەلالیان هاتبوون، ناچار بوون لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا بگەڕێنەوە دواوە.

 

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، بە دەست چەندین نەخۆشی وەک "کۆکە و نەخۆشی دەم، هەوکردنی پێڵوی چاو، تەنگەنەفەسی، گورچیلە و کێشەکانی هەرس" دەناڵێنێت، کە لە کاتی زینداندا تووشی بووە و لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بە هۆی ئازاری لای ڕاستی پەراسووی چەندین جار داوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردووە، بەڵام دەسەڵاتداران هەرجارەیان بە بیانووەوە ڕەتیانکردووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بنێرن، لە کۆتاییدا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ ئەیلوولی ٢٠٢٤ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەرۆخی لە یەزد، سەرەڕای ناڕەزایەتی ئەم زیندانییە، بەرپرسانی زیندان و ستافی نەخۆشخانە ناچاریان کردووە بە دەستبەندەوە سی تی سکانەکە ئەنجام بدات.

 

پێویستە بگوترێ لە  مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، تیمێکی لێکۆڵەران لە وەزارەتی ئیتلاعات دووجار لە فەرمانگەی ئەمنی زیندانی ناوەندیی یەزد چاویان پێی کەوت و داوایان لێکرد کە واژۆ لەسەر "نامەیەکی تەوبە" بکات، کە دەقەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە واژۆ کرابوو، بریکارە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ئەو نامەی تەوبەی واژۆ بکات، بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ پرسی چارەسەرکردن و تەنانەت پارێزبەندییەکەی دەکرێت، زەینەب جەلالیان بە ڕەتکردنەوەی واژۆکردنی ئەم نامەیە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان وەک زیندانییەک بە مافێکی یاسایی زانیوە.

 

پێشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن تیمێکی لێپرسینەوە لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و هەڕەشەی ئەوەی لێکرا، کە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی زیندانییەک بێبەش دەکرێت، لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، تا ئەو کاتەی پەشیمانی خۆی دەرببڕێت. ناوبراو هەموو داواکارییەکانی لێکۆڵەرە ئەمنییەکانی بۆ دەربڕینی پەشیمانی ڕەتکردەوە و لێپرسینەوە بە دەستبەندەکەی بە نموونەی ئەشکەنجەدان زانی.