لە لوبنان ٧٠١ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٦٠٠ کەس بریندارن

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە شارە جیاوازەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە،٧٠١ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و٦٠٠ کەس برینداربوون و ٧٧ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی ٢٧ ئەیلوول، لە پێنجەمین ڕۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ٧٠١ کەس گیانیان لەدەستداوە، چەند منداڵ و ژنێکیان تێدایە و زیاتر لە دوو هەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون، ٧٧ هەزار کەس لە ترسی هێرشەکان ماڵەکانیان چۆڵ کردووە، یان پەنایان بۆ شارەکانی باکوور و ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە بردووە یان لە ناوچە کەنارییەکان نیشتەجێ بوون.

 

لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجەکانیان چەکدارانی حزبوڵا بوون، بەڵام وەزارەتی تەندروستی لوبنان ژمارەی سەرباز و مەدەنییەکانی جیانەکردووەتەوە، هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە فەرمییەی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، له هێرشەکانی شەوی ڕابردوودا ژمارەیەک له فەرمانده و سەرکرده باڵاکانی حزبوڵا، له ناویاندا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەکە کوژراون. تا ئێستا سەرچاوە لوبنانییەکان و ئێرانییەکان گیانیان لەدەستدای حەسەن نەسروڵایان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

 

فراس ئەلئەبیز، وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی پێنجشەممە تا دوێنێ، ٢٧ ئەیلوول، لە بۆردوومانی ئیسرائیلدا زیاتر لە ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

 

ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن له دەوروبەری شاری سور و گەڕەکەکانی بۆرج شەمالی و ناوچەی مەجدەل و ئەلبازوریه له باشووری لوبنان، هەروەها ئیسرائیل هێرشی له هەندێک ناوچه و گەڕەکەکانی "عەدوس و بودای و شەمستر و نەبی شیت" کردووەتە ئامانج، عیتا ئەلشەعب لە باشووری لوبنان و شاری بودای، لە ڕۆژئاوای بەعلبەک لە باکووری بیقاع و هەروەها دەشتی بەدنایل لە باکووری بیقاع، کراونەتە ئامانجی سوپای ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیلیش بۆ جاری دووەم هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەیەک لە گەڕەکی بیر ئەلقەندیل لە نەباتیە.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرستانەی ئاژانسە هەواڵییەکانی ناوخۆی لوبنان بڵاویان کردووەتەوه، له ئەنجامی کردنه ئامانجی ئۆتۆمبیلێک له ناوچەی بەیت جبل له باشووری لوبنان سێ کەس گیانیان لەدەستداوه .

 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لوبنان جەختی کردەوە: بەشێک لە ناوەندەکانی ئەم وەزارەتە بەرکەوتەی زیانی ڕاستەوخۆ بوون. ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان پێشتر بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ماڵێکی شاری شەبعەی کردە ئامانج، ٩ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا، هاوکات هێزەکانی فریاگوزاری هێشتا لە هەوڵی لابردنی داروپەردووی باڵەخانەی هێرشکراوی شەبعا و گەڕانن بۆ ونبووەکانن.

 

بەرگری شارستانی لوبنان توانی تەرمی کەسێک بدۆزێتەوە کە لەگەڵ کچەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر گەڕەکی ئەلزراعە لە دەوروبەری شاری سور ڕۆژی پێنجشەممە گیانیان لەدەستداوە، ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی کچەکە دۆزرایەوە، تیمەکانی فریاگوزاریش هێشتا بەدوای ونبووەکاندا دەگەڕێن لە ژێر داروپەردوودا.

 

دوێنێ (هەینی) وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلی کە باڵەخانەیەکی نزیک چوارڕێیانی ئەلڕوەیس لە گەڕەکی ئەلئەبیز لە باشووری بەیروتی کردە ئامانج، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش برینداربوون، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل دەوروبەری نێوان ئەلشەعیتییە و زەبقین، ڕەمادی، قبریخا و بەرعەشیتی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

 

مارگرت هاریس، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، سیستمی چاودێری تەندروستی لوبنان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە، ژمارەی بریندارەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە لوبنان هەموو هەوڵێکیان دا، بەڵام زۆرێک لە ناوەندە تەندروستییەکان لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکاندا خزمەتگوزارییەکانیان وەستاندووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەفتەی ڕابردوو لە لوبنان، برینداربوونی زۆر هەیە کە پێویستی بە چاودێری تایبەت هەیە، دەشڵێت: لە باشووری لوبنان ١١ بنکەی تەندروستی داخران و ٢٦ بنکەی دیکەش چالاکییەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی وڵات ڕاگرت.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ١٦ی ئەیلوولەوە تا ئێستا ٢٤ی ئەیلوول چەندین هێرش بۆ سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پشتڕاستکراوەتەوە، کە هەندێکیان نەخۆشخانە و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری کراوەتە ئامانج.