لە پانێڵێکدا ڕەهەندە یاساییەکانی هەموواری باری کەسێتی باس کرا

دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، یەکێتی ژنانی کوردستان پانێڵێكی بە ناونیشانی "ڕەهەندی ڕەخنەی یاسایی باری کەسێتی و دواین پڕۆژەی هەمووارکردن" ڕێکخست و ئاماژە بەوە درا، یاساکە لە بەرژەوەندی مەزهەبەکاندایە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی پارێزەر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و چالاکوانانی مافی ژنان و مەدەنی، پانێڵێک بە ناونیشانی "ڕەهەندی ڕەخنەی یاسایی باری کەسێتی و دواین پڕۆژەی هەمووارکردنی" لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردستانەوە ڕێکخرا.

 

لە پانێڵەکەدا هەریەک لە گوڵان بەختیار عەلی، پارێزەر، ڕووبار مەجید، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی سلێمانی، شۆڕش حەسەن، دکتۆرا لە زانکۆی سلێمانی، شیرین تاهیر، چالاکوان و نووسەر، بەهار مونزیر، چالاکوانی مافی ژنان لە بارەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ چەند تەوەرێکیان پێشکەش کرد.

 

لە پانێڵەکەدا تیشک خرایەسەر لێکەوتەکانی هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، هەروەها زیانەکانی بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە و ژنانیش لە باشووری کوردستاندا خرایەڕوو، ئاماژە بەوە کرا، ٢٥ جار هەموواری یاساکان کراوەتەو،  بەڵام هیچیەک لە هەمووارکردنەوەکان لە بەرژەوەندی ژناندا نەبووە، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق واژۆکاری هەردوو پەیماننامەی ساڵی ١٩٦٦، تایبەت بە ماددەی سیاسیی و رۆشنبیری و ئابووریەکان و ڕێکەوتننامەی سیدا لە ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٦دا کردووە.

 

هەموواری یاساکان دەرگا بۆ کێشەی ژنان دەکەنەوە

شیرین تاهیر، چالاکوان و نووسەر، باس لە لێکەوتە یاساییەکان و توندوتیژی دژ بە ژنان دەکات، دەڵێت: توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان کار لەسەر گەشەکردن و بەرەوپیشچوونی ژنان دەکات، کاتێک باسی یاساکان دەکرێت ئێمەی ژنان بە داکۆکیکارێک لە مافەکانی خۆمانی دەزانین، بەڵام کاتێک هەموواری یاساکان دەکرێت، یاسا و دادگاکان بە تۆمەتبار دەزانین کە دژ بە ژنان بڕیار بدرێت، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی تەواوی یاساکان لە مەزاهیبەکانەوە وەردەگیرێت، لەم بارەدا تەواوی یاساکان دژ بە ژنان کار دەکات، ژنان لە کار و خەبات و چالاکییەکانیان دووردەخاتەوە، سەرلەبەری یاساکان ژنان قۆرخ دەکات و ناتوانێت دەست ببات بۆ کار و چالاکییەکان، هەروەها دەرگا کردنەوەیەکی دیکەیە بۆ کێشەکانی ژنان.

 

ئەو چالاکوانە وتی: تەوواوی یاساکان ژنان پەیوەست دەکات، ژنان لە مافەکانی مطاوعة( پابەندبوون)، دایەنی کردن، یاسای میراتی، گەشتکردنی ژنان بەبێ هاوسەرەکانیان پێشێل دەکات.

 

هەروەها بەهار مونزیر، چالاکوانی مافی ژنان، جەخت لەسەر کاردانەوەی ڕێکخراوەەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتی دەکات و وتی: هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی باس لە هاوسەرگیری پێشوەختە دەکات، منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا ژیانی هاوسەرگیریان پێک دەهێنن لەژێر فەرمانی گەورە پیاوانی خۆیاندا، منداڵێک لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە ڕووی تەندروستی و دەرونییەوە شیاوی ژیانی هاوسەرگیری نی‌یە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە تەندروستی و دەروونییەکان لە ناو ژنان و منداڵاندا، بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی مندڵانێکی بێ دایک دێنە دنیاوە، لەکاتێکدا دایکان لە تەمەنێکی کەمدا ببنە خاوەنی منداڵ و ژیانی هاوژینی پێک بهێنن.

 

"لە قورئاندا دراوە بە ژنان بەڵام لە یاسای باری کەسێتیدا جێ ناکرێتەوە"

ڕووبار مەجید ئەحمەد، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا و مامۆستای بەشی یاسا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی، وتی: هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە بەرژەوەندی ژناندا نەبووە، بۆ هێنانەدی مەرامە سیاسییەکانیان هەوڵ دەدرێت، هەمووارەکە لە چوارچێوەی مەزهەبگەرایدا زیندوو دەکرێتەوە، لە پانێڵەکەدا جەخت لەو مافانە دەکەینەوە لە قورئاندا دراوە بە ژنان، بەڵام لە یاسای باری کەسێتیدا جێ ناکرێتەوە، لە یاساکاندا گوێڕایەڵی ژنان باس دەکرێت، بەڵام باس لە گوێڕایەڵی پیاوان ناکرێت بەرامبەر ئەو یاسایانەی بۆ ژنان داندراوە.

 

لە کۆتاییشدا وتی: ئێمەی ژنان بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکان بەردەوام لە هەوڵی ڕاگرتنی هەمووارکردنەوەی یاساکانداین دژ بە ژنان، لە هەمووارکردنەوەی یاساکاندا ڕۆڵی دادگاکان نامێنێت، لێرەدا دەبێت هەوڵ بۆ هەمووار نەکردنەوەی یاساکە بدەین و پاشان شکۆ بۆ دادگاکان بگەڕێنینەوە.