بانگەواز بۆ ئازادیی نێرگس محەمەدی دەکرێت

کۆمیتەی ستراتیجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ "ئازادی نێرگس" داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادیی نێرگس محەمەدی نیشان بدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی ستراتیجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ "ئازادیی نێرگس" ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە باری تەندروستی نێرگس محەمەدی بڵاوکردەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات زووتر هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادیی نێرگس محەمەدی نیشان بدەن، کە باری تەندروستی باش نییە، ڕاشیانگەیاند، "نێرگس محەمەدی نەخۆشی دڵی هەیە و لەم دواییانەدا پێویستی بە چارەسەر و چاودێری هەیە".

 

شایانی باسە کە بڕیارە ٧٠هەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ٢٥-٣١ی ئەیلوولدا بەڕێوە بچێت، مەسعوود پیژیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بڕیاریدا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکات.

 

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور پشتگیری لە کۆمیتەی ستراتیژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی نەرگس دەکەن.

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤینی ئێران زیندانی کراوە، بەهۆی خەباتی دژ بە پراکتیکەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران لە دژی ژنان و خەباتی بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی دەوڵەت" ساڵێکی دیکە زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.