"لە ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا هەزاران کەس لە ئامەد کۆدەبنەوە"
لە ٢٦ـەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم دژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم هەزاران کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە دروشمی "ئێمە بەرەنگاری پیلانگێڕی دەبینەوە، بۆ ئازادی لە ئامەد کۆدەبینەوە" لە شاری ئامەد کۆدەبنەوە.
مەدینە مامەدئۆغلو
ئامەد - بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری کێشەی کورد و هەڵگرتنی گۆشەگیری توندی ئیمراڵی لە چوار لای جیهانەوە کەمپەینی ئازادی بەڕێوە دەچن، هەروەها بانگەوازی لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت کۆتایی بە گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان بهێنن و دەروازەکانی ئیمرالی لە زووترین کاتدا بکەنەوە.
پلاتفۆرمی دامودەزگا دیموکراتییەکان ڕۆژی ١٢ی ئەیلوول لە ئامەد و ئەستەنبوڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە دروشمی "ئێمە دژی پیلانگێڕی دەوەستینەوە، لە ئامەد بۆ ئازادی کۆدەبینەوە" ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە ڕۆژی١٣ تشرینی یەکەم گردبوونەوەیەکی گەورە بەڕێوە دەبەن، ناونیشانی گردبوونەوەکە وەک گۆڕەپانی ئیستاسیۆن دیاریکرا، بەشداربووانیش لە هونەرمەندان و سیاسەتمەداران پێکدێت، لە هەموو شارەکان لەسەر شەقامەکان دەبن و تا ڕۆژی گردبوونەوەکە بانگەوازی دەکەن، بڕیارە لە مەڕمەڕە، ئەگە، چوکرۆڤا، ئەنادۆڵی ناوەڕاست و باکووری کوردستان هەزاران کەس کۆببنەوە و ئامانجی سەرەکی چالاکیەکان بانگهێشتکردنی خەڵک دەبێت بۆ گردبوونەوەکە.
گوڵشەن دەمیر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی-ئۆهەدە و پارێزەر، ڕایگەیاند کە ئەوان بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کردووە و دژی نادادپەروەرییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان دەوەستەوە و لە دژی گۆشەگیری ڕەها لە هەموو شوێنێک مافی هیوا دەردەبڕن.
بیرسەن کولپۆغڵو لە بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-تەژەئە، ڕایگەیاند کە ئەوان وەک تەژەئە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و بەردەوامی بە خەباتەکەیان دەدەن.
"نایاسایی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئیمرالیە پەرەدەسێنێت"
گوڵشەن دەمیر باسی لەوەکرد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگری لێدەکرێت لەگەڵ پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە و ماوەی ٤٢ مانگە ئەم دۆخە بەردەوامە، وتیشی: ئێمە وەک پارێزەرانی ئەندامانی ئۆهەد دژی گۆشەگیریی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خەبات دەکەین، ئۆجالان ماوەیەکی زۆرە لە ڕۆژەڤدایە، لەم کاتەدا ئێمە هەموو ئامرازە یاساییەکان بەکاردەهێنین، لەم دواییانەدا داواکاریمان لە دژی گۆشەگیری ڕەها لە ئیمرالی بە بەشداری نزیکەی ١٣٠٠ پارێزەر تۆمار کرد، هاوکات لەگەڵ ئەم گۆشەگیرییە، ئاگادارنەکردنەوەی پارێزەرەکانیان لەو شتانەی لەوێ ڕوودەدەن، ڕێگری لە چالاکییە پیشەییەکانمان دەکات، ئەم گۆشەگیرییە ڕەهایە ٤٢ مانگە بەردەوامە، ئەمڕۆ ئەم گۆشەگیرییە نەک تەنها لە ئیمرالی، بەڵکو لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە، ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ژنان و کۆمەڵگە و منداڵان دەبێتەوە، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەمەدا نییە، ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەبینین و بەردەوامین لە گرتنەبەری چالاکی یاسایی جددی بەرامبەر بەو پێشێلکارییانە.
"هۆشیاری کۆمەڵگە بۆ گۆشەگیری زۆر بە نرخە"
گوڵشەن دەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئاگاداری ئەم سیاسەتە گۆشەگیریانە بن کە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنرێت و وتی: زۆر گرنگە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بەو هۆشیارییە کە کاریگەری لەسەریان هەیە، مامەڵە بکات، پێویستە لەم خاڵەدا کار بکرێت و دەنگ هەبێت، بەم ئامانجە دامەزراوە دیموکراسیەکانمان کەمپەینێکیان دەستیپێکردووە کە تەواوی مانگی تشریی یەکەم بەردەوام دەبێت، ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەوە بڵێین کە ئەم گۆشەگیرییە لە چوارچێوەی مافی هیوادا پێشێل دەکرێت، پێویستە مافی هیوا بۆ هەموو کەسێک دابەش بکرێت و بەشداری گردبوونەوەی ١٣ی تشرینی یەکەم دەکەین، بانگەوازیش لە هەموو بیروڕا گشتی و دامەزراوەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین بەشداری بکەن.
"ئێمە وەک ژن دژی نادادپەروەری لە مەیداندا دەبین"
بیرسەن کولپۆغڵو لە بزووتنەوەی ژنانی ئازاد- تەژەئە ڕایگەیاند، "ئێمە نادادپەروەری ئەو گۆشەگیرییە دەردەبڕین کە ماوەیەکی زۆرە لە هەموو بوارێکدا هەیە، ئەم کەمپەینە کە ئەمڕۆ دەستمان پێکرد تەنها یەکێکە لە چالاکییەکانمان، ئەم کەمپەینە بە درێژایی مانگی تشرینی یەکەم چالاک دەبێت و لەگەڵ خەڵک لە مەیدان دەبین، ئەم کارە نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە ڕۆژئاواش بەڕێوە دەچێت، ئەم کەمپەینە بە گردبوونەوەی کۆتایی بە ئەنجام دەبێت، بەڵام دوای گردبوونەوەکە چالاکییەکانمان دژی گۆشەگیری زیاتر و زیاتر دەبێت.
بیرسەن کولپۆغڵو وتیشی: مەبەست لەم کەمپەینە شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایە کە ساڵانێکە بەردەوامە و داوای ئاشتی دەکەین، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک تەژەئە کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان ئەنجام دەدەین و سیمینار دەکەین، بەڵێ گۆشەگیریی لە ئیمرالیەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ کاریگەری زۆری لەسەر هەموو کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان هەیە، ئەمە نادادپەروەرییەکە کە لە جیهاندا پێشینەی نییە و بێدەنگیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەریدا سیاسەتی ئەوان بەرامبەر بە گەلی کورد ئاشکرا دەکات، ئێمە شانبەشانی ژنان لە مەیدانەکاندا دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت دەوەستینەوە و گۆشەگیری و کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە ژنان دەوەستێنین، هەروەها داوا لە سەرجەم ژنان دەکەین دژ بە گۆشەگیری بەشداری گردبونەوەکە بکەن.