تورکیا هێزی زیاتری بردە ناوچەی ئامێدی

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، دەوڵەتی تورکیا شەوی ڕابردوو هێزێکی سەربازی بردووەتە ناوچەی ئامێدی.

ناوەندی هەواڵ

 

لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشووری کوردستان و بە تایبەت بۆ ناوچەی ئامێدی لە بادینان لە ١٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ چڕ بووەتەوە و شەوی ڕابردوو هێزێکی سەربازی ئەو دەوڵەتە ئاڕاستەی ئامێدی کراوە.

 

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورکیا شەوی ڕابردوو هێزێکی سەربازی بە چەکی قورسەوە بردووەتە ناوچەی ئامێدی لە هەرێمی بادینانی سەر بە پارێزگای هەولێر و ئەو هێزەى دەوڵەتى تورک لە سنوورى شارەدێى دێرەلوک جێگیرکراون.

 

جێی ئاماژەیە لە ماوەی مانگی حوزەیران تا ئەیلوول لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا زیادی کردووە، بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق دەڵێن، توركیا زیاتر لە ٢٥ هەزار پێشێلكاریی لە عێراق ئەنجامداوە، سوپای توركیا بە قوڵایی ١٨٥ كیلۆمەتر هاتوونەتە خاكی عێراقەوە و لە ئێستادا تەنیا ٢٨ كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورن. زیاتر لە چوار هەزار و ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق لە ژێر داگیركاریی توركیادای و زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و ٨٠ بنكەی سەربازیی و ژمارەیەك بنكەی هەواڵگریی لە خاكی هەرێمی كوردستان جێگیر كردووە.